لە کۆماری چیک؛ فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر بە گەشتێکی مەیدانی ئاشنای مێژووی شاری ئۆلۆمۆتس دەبن
لە پەراوێزى بەشداریکردنیان لە خولی زانستیی “تەندروستی و سەلامەتیی ژینگەیی (HSE)” لە زانکۆی پالاچکی (Palacký University) ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، ئۆفیسی UP Welcome لە زانکۆی پالاچکی لە کۆماری چیک، چالاکییەکی فەرمی بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکخست.
چالاکیە بە ناونیشانی “گەشتی ناسینی شار” (City Tour) بۆ فێرخوازانی بەشداربووى خولەکە ڕێکخرابوو، کە تیایدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتوون لە هەریەک لە (هاجر محەمەد عەلی و محەمەد نەریمان سەلمان) لە بەشی چارەسەری سروشتی، (مروان عارەب عومەر) لە بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لەگەڵ (عەلی ماهر داود) لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی بەشدارییان لە چالاکیەکەدا کرد.
چالاکیەکە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکانی پێشوازیکردن و پشتگیریکردنی فێرخوازانی نێودەوڵەتیدا ئەنجامدرا، بۆ ناساندنی مێژووی دێرینی شاری ئۆلۆمۆتس و ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەی ئەکادیمی و کەلتووریی زانکۆی پالاچکی. لە میانی گەشتەکەدا، فێرخوازان سەردانی گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکان و ناوەندە کەلتوورییەکانی شارەکەیان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەسەنایەتی و تەلارسازیی ناوچەکە بوون و ، بەهۆیەوە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و بەسوودیان لەبارەی ژیانی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتی چیک بەدەستهێنا.
لە کۆتاییدا، ئۆفیسی (UP Welcome) هیوای خواست ئەم جۆرە چالاکییە کەلتووری و مەیدانییانە ببنە هەوێنی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێرخوازانی نێودەوڵەتی، تا بە ئاسانی لەگەڵ ژینگەی نوێی خوێندنیاندا بگونجێن و ئاسۆکانی مەعریفەیان فراوانتر بێت.







