لە کۆنفرانسى زانستە دارایی و کارگێڕییەکاندا ڕۆڵی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان لە بەرزکردنەوەی دۆخى ئابووری تاوتوێکرا
لە چوارچێوەی چالاکیەکانى کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتى زانستە دارایی و کارگێڕییەکاندا، کە زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەدەچێت، ڕۆژى چوارشەممە، ڕێکەوتى (/19 1/ 2025( لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ پڕۆفیسۆر دکتۆر تۆماس دۆرۆزینسکی، کە یەکێک بوو لە قسەکەرانى سەرەکى کۆنفرانسەکە باسى لە گرنگی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان لە بەرزکردنەوەی دۆخى ئابووری کرد.
لە میانەى باسەکەیدا، کە بە ئامادەبوونی گروپێک لە نوخبەی ئەکادیمی و پسپۆڕ و توێژەرانى بوارەکە بەڕێوەچوو، بەشێوەیەکى زانستى باسى لە مۆدێلی (5Is) کرد، کە پێنج هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنى پایەکانى ئابووری، ئەوانیش بریتین لە (وەبەرهێنان، داهێنان، ژێرخان، یەکگرتن و گشتگیری)، بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر تۆماس دۆرۆزینسکی جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان بەشداری گرنگ لە ڕەوتی وەبەرهێنانی بەردەوام و هاندانی داهێنان و بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری دەکەنەوە، ئەمەش یارمەتی دۆخە ئابوورییەکان دەدات بە خێرایی لە قەیرانەکان چاکببنەوە، ئاشکراشیکرد توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو وڵاتانەی کە کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان تێدا بەهێزن، توانای بەرزتریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری و بەدەستهێنانی سەقامگیری دارایی هەیە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەو قسەکەرە سەرەکیەى کۆنفرانسەکە باسى لە ڕۆڵی کۆمپانیا جیهانییەکان لە پشتیوانیکردنی کارگە بچووک و مامناوەندەکان کرد، بەتایبەت لەڕێگەی ئاوێتەکردنیان لەگەڵ تۆڕە بازرگانییەکانیان، کە پەرەپێدانى بەردەوام بەرز دەکەنەوە و، هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت، وتیشى شارەزایان ئاماژە بە گرنگی ئەو یەکگرتنە ئابوورییە دەکەن، کە ئەم کۆمپانیایانە دروستی دەکەن، بەو پێیەی بەشدار دەبن لە فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئابووری گشتگیرتر و سەقامگیرتر.
لە کۆتایی خستنەڕووى باسەکەیدا، ئامادەبوان لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر تۆماس دۆرۆزینسکی پرسیار و گفتوگۆیان لەبارەى سیاسەتەکانى پشتگیریکردن لە بەرزکردنەوەی ڕۆڵی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان دەکەن بەتایبەت لە ئابوورییە تازەپێگەیشتوەکاندا.