لە کۆنفرانسى زانستە کارگێڕى و داراییەکاندا، چەندین توێژینەوەى دیکە لە بوارى تەکنیک و داهێنانە هاوچەرخەکان لە بواری ژمێریاری پێشکەشکران
لە چوارچێوەی پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکان (ICAFS 2025)، کە لەلایەن زانکۆی جیهان – هەولێر بە هاوبەشى زانکۆی وۆچ پۆڵەندی و زانکۆی موسڵ ڕێکخرابوو. لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا تەواوکارى پانێڵى “تەکنەلۆژیا و داهێنانە هاوچەرخەکان لە بواری ژمێریاری” بەڕێوەچوو، لەو پانێڵەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٣٠/ ١/ ٢٠٢٥) لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر موەفەق ئەحمەد عەلی، و بە بەشداری دکتۆر هاشم سافی وەک بڕیاردەرى پانێڵەکە بەڕێوەچوو، پێنچ توێژینەوەیەکى زانستى پێشکەشکران.
ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ڕاپۆرتکردنی دارایی لە بەر ڕۆشنایی پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد ناونیشانى توێژینەوەیەکى عادل صبحي عبد القادر الباشا بوو، کە تیایدا باسى لە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر ڕاپۆرتە داراییەکان و، ئەو ئاڵنگارییانە دەکرد کە دەیسەپێنێت بەسەر ژمێریاران لە بەڕێوەبردنی سەروەت و ساماندا ، نرخی ئاڵوگۆڕ، ئاشکراکردنی دارایی، لە هەمان کاتدا جەختى لەسەر پێویستی وەرگرتنی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە ژمێریاریدا دەکردەوە.
پاشان توێژەر أسماء عبد الستار توێژینەوەیەکى لەبارەى چوارچێوەیەک بۆ مێتاداتای مانادار بۆ بەهێزکردنى سیستمی زانیاری ژمێریاری خستەڕوو، وتیشى لە ڕێگەى ئەو مێتاداتایەوە دەتوانرێت بەشێوەیەکى باشتر بەسودوەرگرتن لە زیرەکی دەستکرد کار لە بوارى بازرگانی و پشتگیریکردن لە بڕیاردان، و بەهێزکردنى قەبارەدانان لە سیستمی ژمێریاری مۆدێرن بکرێ.
لایەنی دیکەى ئەو پانێڵە پێشکەشکردنى توێژینەوەیەک بوو لەلایەن دلۆڤان وریا چاقماخچی کە تایبەت بوو بە زانین لە بەڕێوەبردنی ژمێریاریدا، بۆ ئەو مەبەستەش توێژەر باسی لەو ئاڵنگاریانە کرد، کە ڕووبەڕووی نەوەی پێنجەمی بەڕێوەبردنی زانیاری دەبنەوە، بۆ ئەوەش جەختى لەسەر پێویستی جیاکردنەوەی نێوان داتا، زانیاری و زانین، گرنگی بەها و ڕەفتارە دامەزراوەییەکان لەم چوارچێوەیەدا کرد .
هەر لەو پانێڵەدا، توێژینەوەیەک لەبارەى ژینگەی ژمێریارى و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەدای دارایی لەلایەن توێژەر توانا سلێمان پێشکەشکرا، لە توێژینەوەکەیدا بەشێوەیەکى زانستى تیشکی خستە سەر ڕۆڵی خەرجییە ژینگەییەکان لە بەرزکردنەوەی بەردەوامیی و پەرەپێدانى دارایی، بۆ ئەوەش داوای دەرکردنی یاسایەکى پابەندکەرى کرد، هەروەها باسى لە پێویستى پەسەندکردنی ڕێککەوتنمامە و ستانداردە یەکگرتووکانى بۆ بوارى دارایی ژینگەیی و، زیادکردنی هۆشیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و سوودەکانی ژمێریاری کرد.
کۆتا توێژینەوەى ئەو پانێڵە تەرخان کرا بۆ خستنەڕووى توێژینەوەیەک لەبارەى کاریگەری داتا گەورەکان لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وردبینی ، کە لەلایەن محەمەد حەیدەر محەمەد پێشکەش کرا، لە توێژینەوەکەیدا بە کۆمەڵێک داتا و ئامارى تایبەت و شیکردنەوەیان باسی لە کاریگەریی ژمێریاری داهێنەرانە کرد لەسەر متمانەپێکراوی بەیاننامە داراییەکان، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو شێوازە ساختانەی کە هەندێک کۆمپانیا دەیگرنەبەر بۆ باشترکردنی وێنەی دارایی خۆیان، بۆ ئەوە توێژینەوەکە پێشنیازی کرد ڕێکخراوە پیشەییەکان توێژینەوەى قووڵتر لە بارەى ساختەکاری و هەڵەکانی ڕابردوو ئەنجام بدەن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و شێوازەک بەکارهێنراوەکان و، پەرەپێدانی ستاندارد و ڕێکارە نوێیەکان بۆ باشترکردنی پرۆسەکانی وردبینی.
پانێڵەکە بە گفتوگۆیەکی کارلێککارانە نێوان ئامادەبوان و توێژەران کۆتایی هات، کە تیایدا تیشکیان خستە سەر لایەنە جیاوازەکانى دیکەى زیرەکی دەستکرد، داتا گەورەکان، ژینگەی ژمێریار و، بەڕێوەبردنی زانیاری وەک ڕەوتە سەرەکییەکان کە داهاتووی ژمێریاری لە قاڵب دەدەن.