لە کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانکۆکاندا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دیدار و کۆبونەوەى گرنگى ئەنجامدا
لە دووەمین ڕۆژى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسی نێودەوڵەتى زانکۆکان، کە لە زانکۆى قەتەر بەڕێوەدەچێ، لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى جیاوازوە گفتوگۆى چڕ لەبارەى ڕۆڵى زانکۆکان لە چۆنیەتى بەرەوپێشبردنى فێربوون و گفتوگۆی نێوان کەلتوورەکان لە کۆمەڵگەکان کرا، بۆ ئەو مەبەستە پسپۆڕان و سەرۆکى زانکۆکان بەخستنەڕوى بۆچونەکانیان بەشداریان لە تەوەرەکانى گفتوگۆکاندا کرد.
لەو چوارچێوەیەشدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخستنەڕوى ئەزمونى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارەکەدا باسى لەو هەنگاوانە کرد، کە پێویستە دەکات زانکۆکان پیادەى بکەن بۆ قوڵکردنەوەى گیانى لێبوردەیی و پەرەپێدانى بنەماکانى دیموکراس و پێکەوەیی.
هەر لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دیدار و کۆبونەوەى گرنگى ئەنجامدا، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هەریەک لە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەندرۆ دیکەس سەرۆکى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر عومەر ئەنسارى سەرۆکى زانکۆى قەتەر و، سکرتێرى سەرۆکى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان دیدارى زانستى ئەنجامدا، لە دیدارەکاندا جەختى لە پێویستى ڕێکخستنى ئەو جۆرە کۆنفرانسانە کردەوە، هەروەک باسى لە ئەزمونى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئەو فێرخوازە جیاوازە ئاینى و نەتەوەیی و مەزهەبیانە کرد، کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەخوێنن، پاشان لۆگۆى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش کرد، ئەوانیش خۆشحاڵبون بەڕەخساندنى ئەو ژینگە لەبارەى بۆ فێرخوازانى خاوەن کەلتورى جیاواز.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆکان (INTERNATIONAL CONFERENCE) دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، لە کۆنفرانسى ئەمساڵى (IAU 2023) کە تا ڕێکەوتى (٢٧/١١/٢٠٢٣) و ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە خستنەڕوى پانێڵەکان؛ لەهەمان کاتدا بووە وێستگەیەکى بۆ پەیوەندى زانستى زیاترى نێوان زانکۆکان و، بۆ ئەو مەبەستە چەندین دیدارى زانستى پایەبەرز لە نێوان سەرۆک زانکۆکان بەڕێوەدەچێ.