لە کۆنفرانسی زانستە کارگێڕی و داراییەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر تاوتوێى توێژینەوەکانى پەیوەست بە بازاڕکردن لە سەردەمى زیرەکى دەستکرد دەکات
لە چوارچێوەی کارنامەى پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکان (ICAFS 2025)، زانکۆی جیهان-هەولێر، کە بەهاوبەشى زانکۆى وچ لە پۆڵندا و زانکۆى موسڵ بەڕێوەدەچێ، لە یەکەمى ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا پانێڵێکى تایبەت بە ناونیشانى “بازاڕکردن لە سەردەمی واقیعی زیادکراودا” بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر د کتۆر علا عبدالسلام الیمانی لە زانکۆی موسڵ و، دکتۆر موسلیم نەجیب زیدان لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
لە میانەى پانێڵەکەدا چەند توێژینەویەکى زانستى پێشکەشکرا ن، کە تیایدا دوایین پێشهاتەکانی بە بازاڕکردن و شیکاری داتاکانی بەهێزکراوی ( AI)یان خرانەڕوو، لەو چوارچێوەیەدا “تێگەیشتن لە داینامیکی دوای فرۆشتن: ڕۆڵی چاوەڕوانییەکان و هەڵوێستەکانی بەکاربەر بەرامبەر بە بازاڕکردن” ناونیشانى توێژینەوەیەکى زانستى بوو، کە لەلایەن مامۆستا عەلا سەلام جەمیل پێشکەشکرا، لە میانەى توێژینەوەکەیدا باسی لە گرنگی چالاکییەکانی دوای فرۆشتن کرد لە ستراتیژییەکانی مانەوەی کڕیاردا، هەروەک ئاماژەی بە پێویستی شەفافیەت و ئەخلاقی بازرگانی بۆ بەرزکردنەوەی متمانە و دڵسۆزی کرد.
هاوکات (کاریگەرییە بەردەوامەکانی بەبازاڕکردنی AI لەسەر دڵسۆزی کڕیار: بەهای بەکاربەر وەک ناوبژیوان) ناونیشانى توێژینەوەیەکى دیکەى ئەو پانێڵە بوو، کە لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا مامۆستا لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشکرا، توێژەر لە توێژینەوەکەیدا باسى لە کاریگەرییەکانی AI لەسەر دڵسۆزی کڕیار کرد، بۆ ئەوەش جەختی لەوە کردەوە کە بەرزکردنەوەی بەهای هەستپێکراوی بەکاربەر کلیلی زیادکردنی دڵسۆزییە. لەلایەکى دیکەوە (ژیری دەستکرد لە سۆشیال میدیا: دەرفەت و ئاسۆکان) ناونیشانى توێژینەوەیەکى پرۆفیسۆری یاریدەدەر ڕەعد عەبدولکەریم شەریف بوو، کە تێیدا پێداچوونەوەی بەو دەرفەت و ئاڵنگارییانە کرد، کە زیرەکی دەستکرد پێشکەشی دەکات بۆ باشترکردنی کارلێکی نێوان براندەکان و بەکاربەران لەسەر پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا.
بەشێکى دیکەى پانێڵەکە تەرخانکرا بۆ خستنەڕووى توێژینەوەیەکى دکتۆر عومەر عەلی ئیسماعیل بەناونیشانى (کوالیتی 4.0 و بیگ داتا مارکێتینگ: پێداچوونەوەیەکی سیستماتیکی)، لەو توێژینەوەیەدا توێژەر بەشێوەیەکى زانستى باسی لە پەیوەندی نێوان کوالیتی 4.0 و بیگ داتا مارکێتینگ کرد، بۆ ئەوەش جەختى لە پێویستى و گرنگی شیکاری پێشبینیکراو لە باشترکردنی بەڕێوەبردنی پەیوەندی کڕیار و زیادکردنی ڕازیبوونی کڕیار کردەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە توێژینەوەیەکى دیکە بە ناونیشانى (کاریگەری ڕازیبوونی کڕیار لەسەر مانەوەی کڕیار: توێژینەوەیەکى ئەزموونی بە بەکارهێنانی شیکاری ئاماری پێشبینیکراو) لەلایەن دکتۆر عومەر سۆیەر پێشکەش کرا، توێژەر لە توێژینەوەکەیدا بەوردى باسی لە گرنگی شیکارییە پێشبینیکراوەکان لە داڕشتنى ستراتیژییەکانی مانەوەی کڕیار کرد، ئاماژەی بەوەدا کە باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزاری و کارلێکی کەسی لەگەڵ کڕیاران زۆر گرنگە بۆ بونیادنانی مانەوە و دڵسۆزی.
توێژەران لە میانەى پێشکەشکردنى توێژینەوەکان لەم پانێڵەدا، جەختیان لەسەر ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد و داتا گەورەکان کردەوە بۆ گۆڕینی ستراتیژییەکانی بازاڕکردن، هەروەک تیایدا تیشکیان خستە سەر چۆنیەتی باشترکردنی ئەزموونی کڕیاران و بەرزکردنەوەی هەڵمەتەکانی بازاڕکردن بۆ بەدەستهێنانی گەشەی بازرگانی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، لە کۆتایی پانێڵەکەشدا گفتوگۆیەکى گەرم لە نێوان ئامادەبوان و توێژەران لەبارەى توێژینەوە پێشکەشکراوەکان ئەنجامدرا.