لە گەرمیان؛ پرۆفیسۆرى دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى بەشدارى لە چالاکیەکانى ساڵیادى قوربانیانى پرۆسەى ئەنفال دەکات
لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان، پرۆفیسۆرى دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە کۆمەڵێک چالاکى جۆراوجۆر کرد، کە بە بۆنەى یادى قوربانیانى پرۆسەى ئەنفال لە گەرمیان ڕێکخرابوون.
لەو چالاکیانەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٣/٤/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشداریان لە یەکەمین فیستیڤاڵی هەفتە یادی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و چالاکیەکانی یادی ئەنفال بەناونیشانی لە (پەیمانگەوە بۆ زانکۆ) کرد، لە فیستیڤاڵەکەدا کە لە هۆڵی سیمیناری مامۆستا ئیسماعیل لە کەمپی تەکنیکی کەلار بەڕێوەچوو، لە وتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: هەمومان هاتوین بۆ ئەوەى لێرەوە لە گەرمیان لانکەى ئەنفال و جینۆساید پەیامى خزمەتکردن و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى لە ناوەندەکانى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان رابگەیەنین، لێرەوە دەمانەوێت بە یەک چاو خزمەتى بست بە بستى خاکى پیرۆزى کوردستان بکەین و ساڵیادى ئەنفال بکەین بە دەرفەت بۆ نەوەکانمان کە ئێمە هەمیشە خۆمان بە خزمەتکارو خزمەتگوزاریان دەزانین.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هاوڕێ لەگەڵ شاندى وەزارەت بەشەکانى دیکەى فیستیڤاڵەکەیان بەسەرکردەوە و، دەستخۆشیان لە ڕێکخەران و فێرخوازانى زانکۆکە کرد، لە کۆتایشدا دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبونى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى بەشداربوو، تاجە گوڵینەى ئەنجومەنی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەر مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لە دێبنەی کەلار دانا.