لە یەکەمین دانیشتنى پێنجەمین زانستە کارگێڕی و داراییەکان تاوتوێى سیستمى بەڕێوەبردن بە ئامرازە پێشکەوتوەکان کرا
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەشی زانستە کارگێڕی و داراییەکان، کە لەلایەن زانکۆى جیهان-هەولێر بە هاوکاری زانکۆی وۆچى پۆڵەندی و زانکۆی موسڵ دەستپێکردوە، لە یەکەمین پانێڵدا، کە بە دروشمی “بەڕێوەبردنی دیمەنی بازرگانی بە داهێنان و چارەسەری پێشکەوتوو” لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانى زانکۆ لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى 29/1/2025 بەڕێوەچوو، چەند توێژینەوەیەک خرایەڕوو.
لەو پانێڵەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر موئەیەد ئیبراهیم ئەحمەد لە زانکۆی موسڵ سەرپەرشتى دەکرد و، مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر مەهدی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بڕیاردەى پانێڵەکە بوو، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا مسلم نجيب زيدان توێژینەوەکەى پێشکەشکرد، کە تیایدا ئاماژەى بەو هۆکارانە کردبوو، کە کاریگەرییان لەسەر پاڵنەر و ئەدای کارمەندان لە کارگە بچووک و مامناوەندەکان لە عێراق هەیە، بۆ ئەوەش دواى پێشەکیەک ئەنجامەکانى توێژینەوەکەى لە چەند خاڵیدا خستەڕوو.
لە توێژینەوەى دووەمدا، کە باسی لە پەیوەندی نێوان سوودى سنوردار، بەرهەمهێنان و قازانج لە ڕێکخراوە خزمەتگوزارییەکان دەکرد، لەلایەن دكتۆر سەمير حەمدى پێشکەشکرا، لە میانەى توێژینەوەکەیاندا، توێژەران بەوردى ئەنجامى توێژینەوەکەیان خستەڕوو، بۆ ئەوەش نمونەیان بە کۆمەڵێک دامەزراوەى جیاجیا هێنایەوە و باسەکەیان پێ دەوڵەمەندکردبوو.
لایەنێکى دیکەى پانێڵەکە تەرخانکرا، بۆ خستنەڕووى توێژینەوەیەک لەبارەى کاریگەری کوالیتی زانیاری و گونجان و سوودەکانى بە بەراوردکردن لە سوودوەرگرتنی زیرەکی کار لەلایەن بەڕێوەبەران و خاوەن کارگە بچووک و مامناوەندەکانەوە، ناوەڕۆکى ئەو توێژینەوەیە لەلایەن توێژەر دكتور علاء سعد جميل خرایەڕوو، کە تیایدا بەشێوەیەکى زانستى باسی لەو هۆکارە سەرەکییانە کرد، کە کاریگەرییان لەسەر سودوەرگرتنی ئامرازەکانی زیرەکی کار لە کارگە بچووک و مامناوەندەکاندا هەیە.
دواتریش توێژینەوەکە بەناونیشانى بنەما سەوزەکان: یەکتربڕینی پەروەردەی منداڵی سەرەتایی لەگەڵ پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییە بەردەوامەکان، لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر زەینەب یوسف ئەلشەیخلی پێشکەش کرا، لە توێژینەوەکەیدا هەڵوەستەى لەسەر ڕۆڵی پەروەردەی منداڵی سەرەتایی لە پێشخستنی پەرەپێدانی بەردەوامی سەرچاوە مرۆییەکان کرد و، تیایدا بە پێشکەشکردنى چەند داتایەک ناوەڕۆک و ئەنجامى توێژینەوەکەى پشت ڕاستکردەوە.
هەروەها لەو پانێڵەدا توێژینەوەیەک لەبارەى سەرکردایەتی ستراتیژی و زیرەکی دەستکرد: بەکارهێنانی (SEM) بۆ شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی ستراتیژی و پەرەپێدانی بەردەوام لەلایەن دكتور حين كاظم پێشکەشکرا، لە توێژینەوەیەکەیدا تیشکى خستە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان، بۆ ئەوەش بەشێوەیەکى ورد باسى لە پەیوەندییەکانى نێوان سەرکردایەتی ستراتیژی و پەرەپێدانی بەردەوام لە دامەزراوە تەندروستییەکان کرد و، شیکردنەوەى زانستى بۆ داتا بەدەستهاتووەکان کرد.
لایەنێکى دیکەى پانێلەکە تەرخانکرا بۆ خستنەڕووى توێژینەوەیەکى زانستى تایبەت بە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد وەک گۆڕاوێکی ناوەندى لە پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی چالاکی و کوالیتی سەرچاوە مرۆییەکان، بۆ ئەوەش دكتور شهاب أحمد خضر وەک توێژەر و ئامادەکارى توێژینەوەکە بە شێوەیەکى زانستى باسى لە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەری ناوەندى پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی چالاکی و کوالیتی سەرچاوە مرۆییەکان کرد بەتایبەت لە کواڵیتى و ڕایکردنى کارەکان.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، بەشداربووان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجى زانستیان لەبارەى ناوەڕۆکى ئەنجامەکانى توێژینەوە پێشکەشکراوەکان خستەڕوو، بۆ ئەوەش دواى ئەوەى لەلایەن توێژەران وەڵامى پرسیارەکان درایەوە، پانێڵەکە بە گەیشتن بە چەند خاڵێک کۆتایی پێهات.