لە یەکەم دانیشتنی دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکان باس لە بەڕێوەبردنی ژینگەی کارکردن بە چارەسەرییە پێشکەوتووەکان کرا
لە چوارچێوەی دووەمین ڕۆژى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکان کە لەلایەن زانکۆی جیهان – هەولێر بە هاوبەشى زانکۆی وۆچى پۆڵەندی و زانکۆی موسڵ ڕێکخرابوو، لە پانێڵى یەکەمدا چەند توێژینەوەیەک لەبەر ڕۆشنایی ناونیشانى پانێڵەکە (بەڕێوەبردنى ژینگەى کارکردن بە چارەسەرییە پێشکەوتووەکان) پێشکەشکرا.
لەو پانێڵەدا، کە لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە کاتژمێر ٩:٣٠ بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠٢٥) دەستپێکرد، سەرەتا پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یونس سەڵاح الدین عەلی توێژینەوەکەی بە ناونیشانى “االاثار التشريعية للقوة الرادعة على مرونة سلاسل التوريد واستجابتها للاضطرابات غير المتوقعة” پێشکەشکرد، تیایدا باسى لە کۆمەڵێک کاریگەری یاسایی و هێزی ڕێگریکردن و سروشتی کاریگەری لەسەر زنجیرەکانی دابینکردن و، ئەو ڕێکارە یاساییانەی کە کۆمپانیاکان دەتوانن بیگرنەبەر لە ئەگەری تێکچوونی دۆخە چاوەڕواننەکراوەکان و میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەیان بەپێی یاسا کارپێکراوەکان بەوردى خستەڕوو.
پاشان دکتۆر سناء عیسا توێژینەوەیەکى بەناونیشانی ( التحول الرقمي في تطوير كفاءات ومواهب الموارد البشرية) خستەڕوو، لە نموونەى توێژینەوەکەیدا پشتى بە بانکە بازرگانییەکانی عێراق بەستبوو، لە ئەنجامدا دووپاتی کردەوە کە کێشەکان لە لاوازی بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەک بۆ تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی کۆمەڵێک شێواز و ڕێگەچارەى گونجاو و پێشنیازی خستەڕوو، وەک ئەو توێژەرە باسیکرد، ئەنجام و ڕاسپاردەکان دەتوانن بەشداربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و داڕشتنى میکانیزمەکان بۆ ڕاهێنانی سەرچاوە مرۆییەکان لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ کەمکردنەوەی هەڵەی کارگێڕی و دارایی.
هەروەها دکتۆر غني دحام توێژینەوەکەى بەناونیشانى “تاثير المعرفة الرقمية في الريادة الاستراتيجية ” پێشکەش کرد، کە تیایدا ئاماژەی بە گرنگی زانستى دیجیتاڵى و ڕۆڵى لە سەرکردایەتیکردن و داڕشتنى بنەما ستراتیژییەکانى کار کرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە توێژینەوەکەى بانکى وەبەرهێنانى ئەلوارکاى بە نموونە وەرگرتبوو، کە لە ئەنجامدا بۆى دەرکەوتووە بوونی پەیوەندییەکیان لە نێوان زانیاری دیجیتاڵی و سەرکردایەتی ستراتیژی ئەوە نیشان دەدەن ئەنجامى باش دەدەن بەدەستەوە، بۆ ئەوەش لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا کۆمەڵێک پێشنیازی خستەڕوو، کە یارمەتی بانکەکان دەدەن بە تایبەتی لەسەر وەبەرهێنان و پەرەپێدانی زانیاری دیجیتاڵی.
لەلایەکى دیکەوە دکتۆر عبدالستار عبدالجبار سوڵتان کە بەشدارى ئەو پانێڵە بوو، توێژینەوەکەی بەناونیشانی “تكوين المنزل الذكي والتحكم فيه: تحويل المساحات السكنية إلى بيئة عمل فعالة” پێشکەش کرد، لە توێژینەوەکەیدا بەشێوەیەکى زانستى پێداچوونەوەی بە گرنگترین ڕێگەکانی گۆڕینی ژینگەی کارکردنی تەقلیدی بۆ ژینگەیەکی کارکردنی زیرەک کرد، وەک ئەو توێژەرە لە ئەنجامى توێژینەوەکەیدا باسیکرد دەتوانرێ سوود لە نوێترین شێوازەکانى دیجیتاڵی وەربگیرێ بۆ کارکردن لە بوارەکە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک پێشنیازی پێشکەش بە کۆمپانیا و دامەزراوەکان کرد، ئاماژەی بەوەشدا کە دەتوانرێت گرنگترین ڕێکارەکان بۆ باشترکردنی کوالیتی کار و پێوانەکردنی ئاستی پێشکەوتنەکان پەیڕەو بکرێت.
لە بەشێکى دیکەى ئەو پانێڵەدا، مامۆستاى یاریدەدەر زەید خەلیل ئیبراهیم توێژینەوەیەکى بە ناونیشانی “قياس مستوى تطبيق استراتيجيات التصنيع الاخضر :دراسة حالة في مصنع المحاليل الوريدية في نينوى) پێشکەشکرد، توێژەر لە ڕێگەی توێژینەوەکەدا پێداچوونەوەی بەوگرنگترین ئەو مەرجانەدا کرد، کە دەبێت لە بەدەستهێنانی ئاستێکی پێشکەوتووى پیشەسازییە ژینگەدۆستەکان و شێوازەکانی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان لە کەرەستەی خاو و لە بەرهەمهێناندا پەیڕەو بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەگەری بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بە کارێکى گرنگ وەسفى کرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک پێشنیازى کرد بۆ کارگە و کارخانەکان، کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانە لە لەسەر ژینگە.
توێژینەوەکەى کۆتایی ئەو پانێڵە لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر عیماد الدین مەجید بەناونیشانی “معالجة التحديات اللغوية في تعليم الإحصاء” خرایەڕوو، لە میانەى پێشکەشکردنى توێژینەوەکەیدا، توێژەر ئاماژەی بە گرنگترین کێشە و ئاڵنگارییەکانى پەیوەست بە زمان و وەرگێڕان کرد، کە فێرخوازانی بەشى زانستی ئاماری بەرکەوتەیان لەگەڵ دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش شێوازە گرنگەکانی چارەسەرکردن و گرنگترین ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد کە یارمەتی فێرخوازان و توێژەران دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵە زمانەوانییەکان لە توێژینەوە ئامارییەکان لە کۆتایی ئەنجامى توێژینەوەکەیدا خستیەڕوو.
لە کۆتایی پانێڵەکە، ئامادەبووان کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستەی توێژەران کرد، کە باسیان لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆری کارگێڕی و چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستمی زیرەکی دەستکرد دەکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای دامەزراوەیی لە بواری کارگێڕیدا.