لە (TEDx Nishtiman-2025) بڕوانامەى ڕێزلێنان بەخشرایە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٥/١٠/٢٠٢٥) چالاکیی (TEDx Nishtiman-2025) لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانى هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەتوانای بواری زانستی، هونەری و کەلتووری و چەندین کەسایەتى سیاسى و حکومى و کارگێڕى بەڕێوەچوو، و تیایدا بڕوانامەى ڕێزلێنان بەخشرایە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ.
لە میانەى چالاکیەکانى (TEDx Nishtiman-2025) ژمارەیەک لە فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک خۆبەخش لە تیمی وتاردەران و ڕێکخستنى چالاکیەکە بەشداربوون، ، کە تیایدا ڕۆڵێکى گرنگیان لە هەڵبژاردنی وتار، ئامادەکردنی سلایدەکانی پێشکەشکردن، یارمەتیدان لە پشتی شانۆ هەبوو، هاوکات لە دابینکردنی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی ڕۆڵێکى دیار و بەرچاویان هەبوو، ئەوەش بووە یارمەتیدەرى سەرەکى بۆ ئامادەکردنى چالاکیەکان بەشێوەیەکى پرۆفێشناڵانە، هەروەک دڵنیایی بە وتاردەراندا لە باشی ئامادەکردنى و وتارەکانیان و ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبار بۆ پێشکەشکردنى وتارەکانیان بەشێوەیەکى سەرکەوتووانە.
لە چالاکیەکانى ئەمساڵى (TEDx Nishtiman-2025) کۆمەڵێک وتارى جۆراوجۆر لەلایەن دکتۆر غەیس مستەفا، خاتوو شیرین خەیرۆ، دکتۆر دانا فازڵ، دکتۆر ئەسوەدە سۆران، و سینان ئەمجەد پێشکەشکران و، باسیان لە چەندین بابەتى وەک (پڕۆژە و کاری نوێ و خۆڕاگری، خێزان و پەروەردە، تا گەیشتە ڕۆبۆت)ى لە خۆگرتبوو.
لە کۆتایی چالاکیەکانى (TEDx Nishtiman-2025) مەراسیمێکى ڕێزلێنان بۆ ڕێکخەران و خۆبەخشەکان بەڕێوەچوو، وەک ئاماژەیەکیش بۆ هەوڵەکانیان و بەشدارییان بەردەوامیان لە مانگی حوزەیرانی (2025)ەوە، بڕوانامەی ڕێزلێنان بە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەخشرا.