مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەبێتە خاوەن داهێنانێک لە بوارى پزیشکى
مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن وەزارەتى پلاندانى عێراقى ناوى لە لیستى داهێنەران تۆمار کرا و، مافى داهێنانى بیرۆکەکەى بۆ چەسپێندرا.
پڕۆفیسۆر عبد الالە ثابت محمد، مامۆستا لە بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى زانکۆى جیهان-هەولێر داهێنانێکى لە بوارى پزیشکیدا ئەنجامدا، داهێنانەکە پەیوەستە بە (هەویرى سپیکردنەوەى ددان و ئاوێتەکردنى بەئۆکسیدانی ناتۆی).
لە بەرامبەر ئەو داهێنانە پزیشکیەدا (دەزگاى ناوەندى بۆ پێوانەکردن و کۆنتڕۆڵى جۆرى) لە وەزارەتى پلاندانانى عێراقى بە نوسراوى ژمارە (٢٣١٧) لە ڕێکەوتى (٥/١٠/٢٠٢١) داهێنانەکەى پەسند کرد و مافى داهێنانى ژمارە (٦٨٢١)ى بە (پڕۆفیسۆر یاریدەدەر عبد الالە ثابت محمد) بەخشى.
ئەم داهێنانە لەلایەن (پڕۆفیسۆر عبد الالە ثابت محمد) بەهاوبەشى (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر عەباس ئیبراهیم حسین) مامۆستا لە کۆلێژى پزیشکى زانکۆى ئەنبار کاریان تێدا کردوە و مافى داهێنانەکەش بۆ هەردوکیان چەسپێندرا.
زانکۆى جیهان-هەولێر یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، خاوەن ستافێکى ئەکادیمى ئاستبەرزى زانستیە، کە ساڵانە چەندین توێژینەوەى زانستى گرنگ لە بوارە جیاکان ئەنجام دەدەن و، لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرزەکانى جیهان بڵاوى دەکەنەوە، ئەم داهێنانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاڵپشتی و پشتیوانیەى کە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە مامۆستایانى دەکات و، چەندین تاقیگەى زانستى بۆ توێژەران و مامۆستایان وفێرخوازان دابینکردوە، بەهۆیەوە دەتوانن پەرە بەبیرۆکە و داهێنانەکانیان بدەن.