مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە کۆمارى میللى چین بەشدارى کۆرسێکى ڕاهێنانى زانستى دەکات
لە بەردەوامى پرۆگرامى ڕەوانەکردنى مامۆستایان و ستافى زانستى و کارگێڕى و بەڕێوەبردن بۆ کۆمارى میللى چین، کە چاودێرى و پشتیوانى سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و بە هەماهەنگى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەدەچێ، مامۆستایەکى دیکەى زانکۆ بە مەبەستى پەرەپێدانى تواناى زانستى و ئەکادیمی، لە کۆمارى میللى چین بەشدارى کۆرسێکى ڕاهێنان دەکات.
لەسەر بانگهێشتێکى فەرمى کونسڵگەرى گشتى کۆمارى میللى چین لە هەرێمى کوردستان، مامۆستاى یاریدەدەر (عەبدوڵلا جودەت ئەحمەد)، مامۆستا لە بەشى شیکارى کیمیایى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە کۆمارى چین بەشدارى لە کۆرسێکى ڕاهێناندا دەکات. ئەم کۆرسە لەلایەن سەنتەرى نیشتیمانى بامبوو بۆ توێژینەوەى ئەکادیمى (CRBC) سەرپەرشتى دەکرێت و بۆ ماوەى دوو هەفتە لە شارەکانى (هانگجۆ/پارێزگاى ژیجیانگ، ناپنینگ/پارێزگاى سوچانگ، و لیشوى/پارێزگاى فوجیان) بەردەوام دەبێت.
لە میانەى کۆرسەکەدا، کە بەشداربووانى لە (9) وڵاتى جیاوازەوە تێیدا ئامادەن، تیشک دەخرێتە سەر مێژووى کۆمارى چین و پلانى پەرەپێدانى ئەو وڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکانى وەک توێژینەوە، پەروەردە، خوێندنى باڵا، کشتوکاڵ، ئابوورى و ژینگە. هەروەها، بە درێژایى کۆرسەکە، بەشداربووان سەردانى چەندین سەنتەرى توێژینەوە، ناوەندى پلاندانان، کۆمپانیاى پەرەپێدان و ناوچەى گەشتیارى لە کۆمارى میللى چین دەکەن.
وەک بەشێک لە چالاکییەکانى کۆرسەکە، وەفدى مامۆستایانى کوردستان دوو سیمیناریان پێشکەش کرد. سیمینارى یەکەم تایبەت بوو بە “هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى گروپى کۆمپانیاکانى جیهان لە پەرەپێدانى ڕەوتى ئابوورى و پلانە ئایندەییەکان،” و سیمینارى دووەم بە ناونیشانى “ناساندنى پرۆسەى پەرەپێدانى هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى زانکۆکان لە سێ دەیەى ڕابردوودا” پێشکەشکرا.
لەلایەن خۆیەوە، مامۆستاى یاریدەدەر (عەبدوڵلا جودەت ئەحمەد) سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهانى کرد، کە بەردەوام پاڵپشت و هاندەرن بۆ بەرەوپێشبردنى توانا ئەکادیمی و زانستییەکانى مامۆستایان و توێژەران لە زانکۆکەدا.