هونەرمەند پەراوز حوسێن باس لە ئەزمونى چۆنیەتى زاڵبوونى بەسەر نەخۆشى شێرپەنجە دەکات
لە چوارچێوەی بەرنامە بەردەوامەکانى بڵاوکردنەوەى، سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاری لێژنەى ڕێکخستنی هونەرمەندان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (١٦/٢/٢٠٢٥) سمینارێکى بۆ هونەرمەند و گۆرانیبێژ (پەرواز حسێن) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ ڕێکخست.
لەو چالاکیە هۆشیارییەدا، کە بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و فێرخوازان لە بەش و قۆناغە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەیبوون، دواى بەخێرهێنانى پەرواز حوسێن، ئینجا کورتە ڤیدیۆیەک لەبارەى بەشى بایۆمیدیکاڵ نمایش کرا، پاشان فیلمێکی دیکۆمێنتاریی نمایشکرا، کە ئەزموونی هونەرمەند پەراوز حوسێنى لەخۆگرتبوو هەر لە کاتى تووشبوونی بە شێرپەنجە و یەکەم کاردانەوەکانی، ئەو ئاڵنگارییانەى، کە لە کاتی چارەسەری کیمیاییدا ڕووبەڕووی بووەوە، هاوکات ڤیدیۆیەکە گەشتى ژیانى هونەرمەند پەراوز حوسێن لە کاتى شێرپەنجەی قۆڵۆن، خۆڕاگری تا قۆناغى چاکبوونەوەی لە خۆگرتبوو. دواتر (پەرواز حسێن) گۆرانیەکى خۆی بەناوى “بە خۆشی بژی” پێشکەش بە فێرخوازان و ئامادەبووانى کرد، گۆرانیەکە هەڵگری پەیامی پاڵنەری بەهێزى بوو، ئینجا وتارێکی پاڵنەری بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد و، تێیدا جەختی لەسەر گرنگی هیوا و کۆڵنەدان و خۆڕاگری لە زاڵبوون بەسەر سەختییەکانی ژیاندا کردەوە. هانی ئامادەبووانی دا بەردەوام هەوڵ و کۆشش بکەن، هەروەک گرنگە ئاڵنگارییەکان چین و چۆنن، چونکە لە کۆتاییدا؛ هەموو سەختییەکان تێدەپەڕن.
لە بەشى کۆتایی چالاکیەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محمد) قەڵغانێکی ڕێزلێنانی پێشکەش بە (پەرواز حسێن) کرد و، بەناوی سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ سوپاسى ئامادەبوون و بەشداربوونى کرد، وتیشى ئامادەبوونت لەم چالاکییە بەڵگەی هێزی هیوا و ئیرادە و ڕۆحی مرۆڤایەتیانەت بوو، هەروەک ئیلهامبەخش بوو بۆ فێرخوازان و ئامادەبووان.