هەڵمەتی ڕەنگاڵەی رێکخراوی مەیپڵ تری بەردەوامە و، زانکۆى جیهان-هەولێریش ستایشى هەڵمەتەکە دەکات
ڕێکخراوى مەیپڵ ترى، کە لەلایەن کۆمەڵە گەنجێک دروستکراوە و، ژمارەیەک فێرخواز لە قۆناغ و بەشە جیاوازەکانى (کارگێڕى کار، مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، ڕاگەیاندن و بایۆمیدیکاڵ) لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک خۆبەخش ئەندامن تیایدا، ڕێکخراوە لە چەند ڕۆژى ڕابردوو هەڵمەتێکیان بۆ جوانکردنى دیوار و پرد و باڵەخانەکانى شارى هەولێر دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى و ستایشى بەڕێوەبردنى هەڵمەتەکەیان دەکات.
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (23/10/25)، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆک بەشی کارگێری کار، بە نوێنەرایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە کەمپینی رێکخراوی مەیپڵ تری کرد، کە لە ئێستا سەرقاڵى جوانکردنى سیماى یاریگەى یانەى هەولێرن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین دروشمی ناشیرن لەسەر دیوارەکان هەبون لادران و، لە شوێنیان وێنەی چەند یاریزانی ناوداری یانەی هەولێر و ئالای کوردستان و نزیکەی ٢٥ وێنەی ئۆڵتراس و دروشمی جوان بۆ هاندامی یانەی هەولێر نەخشاندووە.
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود، لە میانەى بەسەرکردنەوەى هەڵمەتەکەدا بەگرنگییەوە باسی لە کارەکانی رێکخراوەکە کرد، پاشان جەختی لە گرنگی رۆڵی بەشداریکردنی زانکۆکان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆگرامە ژینگەییەکان کردەوە، کە سوود بە کۆمەڵگەدا دەگەینن. ڕاشیگەیاند بەشداریکردن لەم جۆرە دەستپێشخەرییانە لەگەڵ دیدگا و ئەرکی زانکۆی جیهان-هەولێر هاوتەریبە. پاشان نوێنەرى سەرۆکى زانکۆ ستایشى و دەستخۆشى لە ڕێکخەرانی رێکخراوی مەیپڵ تری کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارو چالاکییە ژینگەییانە کە خۆبەخشانە ئەنجامی دەدەن و بۆ سوود گەیاندن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، ئاماژەی بەوەشدا کە بەشداری فێرخوازان لەم جۆرە چالاکییانە هۆکارێکە بۆ ئەوەی فێرخوازان هەستێکی بەهێزتریان هەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.
ڕێکخەرانی کەمپەینەکە ستایشی بەشداری نوێنەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، دووپاتیان کردەوە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی ژینگەی شاری هەلێر.







