وەزارەتى خوێندنى باڵا پیرۆزبایی یەکەمبوونى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
بەبۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەم لە نوێترین ڕیزبەندی سایتەیشن لە وێب ساینس (WoS)، شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و پێرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەیان لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/١/٢٠٢٢) شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئەندامیەتى ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەکان سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، بەگەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازیان لێکرا.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبوونى دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان بەڕێوەچوو، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی وەزارەتەکەى گەیاندە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەرامبەر بەدەستهێنانى پلەى یەکەم لەسەر ئاستى زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و، پلەى چوارەمى زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە نوێترین ڕیزبەندی سایتەیشن لە وێب ساینس (WoS)، کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا بڵاوکرایەوە، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمانە کە زانکۆکان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکان هەنگاوى جدیان ناوە بۆ بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن، هیواشى خواست مامۆستایان و سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە هەوڵ و کار و پڕۆژەکانیان بەردەوام بن لە پێناو خزمەتکردن بە پڕۆسەى خوێندن و پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێانى شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر، سوپاس و پێزانینى سەرۆکایەتى زانکۆى پێشکەش بەشاندى میوان کرد، پاشان باسى لە دیدگە و کارنامەى زانکۆکەى کرد بۆ پێشخستن و پەرەپێدان بەزانکۆى جیهان-هەولێر، بەتایبەت لە پراکتیزەکردن و پەیڕەوکردنى ستانداردە نێودەوڵەتیەکانى فێربوون، ڕونیشیکردەوە “بەرهەمى هەوڵەکانمان بەدەستهێنانى ئەکریدەیشنی بەناوبانگترین دوو دامەزراوەی متمانە بەخشینی ئەوروپی (#ASIC و #ZEVA ) بووە”
لە کۆتایی وتەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى هەوڵ و پشتیوانیە بردەوامەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە کە زانکۆکەیان بەردەوام دەبێ لە جێبەجێکردنى نەخشەڕێى وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندن لە هەرێمى کوردستان.