وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن پێگەیەکى تایبەتە و جێگەی ستایشی ئێمەیە
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/١٠/٢٠٢٥)، زانکۆی جیهان-هەولێر، ئاهەنگێکی شکۆداری بەبۆنەی خولی پازدەیەمی دەرچووانییەوە ڕێکخست، لەم بۆنە گرنگەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر محەمەد حسێن کەلاری، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەت، بە نوێنەرایەتی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەشدار بوو و وتاری وەزیری خوێندەوە.
لە وتارەکەیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر محەمەد حسێن کەلاری سەرەتا پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی سەرۆک و دەستەی ئەمیندارییەتی زانکۆکانی جیهان، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ستافی مامۆستایان و وانەبێژان کرد. پاشان، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە دەرچووان و خانەوادەکانیان کرد و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەرچەندە ئەمڕۆ کۆتایی قۆناغێکی ئەکادیمییە، بەڵام هاوکات دەستپێکی ژیانێکی پڕۆفیشناڵ و پڕ لە دەرفەتە.
دەرچووانی زانکۆی جیهان-هەولێر: سەرمایەی زانست و پەرەپێدانی هەرێمى کوردستانن
پڕۆفیسۆر دکتۆر محەمەد حسێن کەلاری تیشکی خستە سەر پێویستیی هەرێمی کوردستان بە کەسانی دەوڵەمەند بە زانست و زانیاری سەردەمیانە، بۆ خزمەتکردن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بازاڕی کاردا. وتی: “سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکەین کە توانیان بۆ ئەمساڵیش پۆلێک لە دەرچووان ئامادە بکەن بۆ بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان.” هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەرچووان، بەشارەزاییان لە بوارە گرنگەکاندا، ڕۆڵێکی تایبەتیان دەبێت لە کۆمەڵگەدا، چونکە پیشەی ئەوان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پایەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەیە، وەک کارگێڕی، دارایی، یاسایی، تەندروستی و زۆر بواری دیکە.
لە بوارى تەکنەلۆژیا و ژیرى دەستکرد، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەت ووتى: بە تێپەڕبوونی خێرای تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد (AI) کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بازاڕی کاردا دروستکردووە، بۆیە وەزارەت هانی دەرچووان دەدات لە ڕێگەی دڵسۆزی و پاراستنی بەها و ئاکارە پڕۆفیشناڵەکانیانەوە، ببنە هۆکارێکی گرنگ بۆ پێشخستنی وڵات. “ئومێد دەکەین ڕۆڵی گرنگتان هەبێت و لە ڕێگەی ئێوەوە بازاڕی کاری هەرێم پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.”
زانکۆی جیهان-هەولێر: پێشەنگ لە خوێندنی تایبەت و پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەسەر پێگەی مێژوویی و ئێستای زانکۆی جیهان-هەولێر کردەوە وەک یەکەم زانکۆی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و وتى: “زانکۆی جیهان هەر لە سەرەتاوە هەنگاوی زۆری ناوە بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی خوێندنی تایبەت لە کوردستان، کە جێگەی ستایشی ئێمەیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.”
ڕاشیگەیاند کە زانکۆی جیهان-هەولێر بووە بە پاڵپشتییەکی باش بۆ وەرگرتنی فێرخواز لە پاڵ زانکۆ حکومییەکان و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی زانکۆکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە. “لە دوایین ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، زانکۆی جیهان-هەولێر ڕیزەکانی پێشەوەی گرتووە لەسەر ئاستی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە ئەوەش جێگەی خۆشحاڵی وەزارەتەکەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.”
هەروەها، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بە هەوڵەکانی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ داڕشتنی پڕۆگرامەکانی خوێندن بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کرد، کە بەهۆیەوە چەندین متمانەی نێودەوڵەتیان بەدەستهێناوە. ئەمەش وەک پاڵپشتییەکی باش بۆ دەرچووان دادەنرێت، کە دەرفەتی باشتر بۆ بازاڕی کار دەڕەخسێنێت و دەرچووانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکاتە جێگەی متمانەی خاوەن کارەکان و بەهایەکی زیاتر بە بڕوانامەکانیان دەبەخشێت.
لەکۆتاییدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر محەمەد حسێن کەلاری هیوای سەرکەوتنی بۆ زانکۆی جیهان-هەولێر خواست و دووبارە پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان، دەرچووان و خانەوادەکانیان کرد.















