وەزیرى خوێندنى باڵا لە میانەى کردنەوەى فێستیڤاڵی زانست و کەلتورى و هونەر؛ ستایشى کار و پرۆژەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر
بەچاودێرى و ئامادەبوونى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوازد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەنى زانکۆکانى جیهان و، ژمارەیەکى زۆر میوانان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فێستیڤاڵی زانست و کەلتورى و هونەرى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کردەوە
رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (29/04/2025) بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد کاکەیی یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار عبدالکریم سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و، ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ژمارەیەکى زۆرى میوانان؛ زانکۆى جیهان-هەولێر لە فیستڤاڵێکدا بەرهەمە زانستى و کەلتورى و هونەرییەکانى فێرخوازانى لەبەشە زانستیەکان جیاوازەکان نمایش کرد.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى فیستیڤاڵەکەدا دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە لەو جۆرە چالاکیانەى ڕوانى و، جەختى لە پێویستى و گرنگى ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە کردەوە بۆ نمایشکردن و پیشاندانى توانا و کارامەیی فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان، بۆ ئەوەش لەگەڵ فێرخوازان گفتوگۆى لەبارەى جۆرى بەرهەم و چالاکیەکانیان پێداویستیەکانیان کرد، بەهەمان شێوە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن فێرخوازى ئاستى بەرزى زانستى و لێهاتوە لە بوارەکانى خۆیاندا و، توانیویان ئەم بەرهەمە جۆراوجۆرانە بەرهەم بێنن، چ لە بوارى زانستى چ لە بوارەکانى دیکە، هەر لە کاتى بەسەرکردنەوەى چالاکى و بەرهەمى بەشە زانستیەکاندا دوپاتیکردەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر هەموو توانایەکى خۆى دەخاتەگەڕ بۆ پاڵپشتیکردن و پێگەیاندن و فێربونى فێرخوازان بەشێوەیەتى تەواو، بەشێوەیەک ئاستى زانستیان هەمیشە لە پلەى باڵادا بێ.
هەر بەو بۆنەیەوە ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن وتى:خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێر و فیستیڤاڵى ساڵانەکەیانم کرد، جێگەى دڵخۆشیە کە زانکۆکە لە کۆمەڵێک بوار و پسپۆڕى جیا دەرئەنجامى زۆر باشى هەیە، چالاکى زۆر باشى هەیە، دڵخۆشى کردم ئەو وەبەرهێنانە ماددى و مەعنەویەى کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر کردومانە نەتیجەکەى زۆر زۆر باشە، چ لە بوارى ئەو ئاڵنگاریانەى کە ڕەنگە ساڵانى داهاتوو بەتۆختر ببن بە قەیرانى گەورە لە دونیادا، وەک مەسەلەى زیرەکى دەستکرد و تێکەڵکرنى ئەم نەوەیە بەو دەسکەوت و داهێنانە تازانەى کە دێنە پێشەوە، بۆیە ئەم جۆرە فیستیڤاڵ و پیشانگەیانە پێمان دەڵێ ئێمە لە کوێى کارەکەداین، دڵخۆشم لێرە ئەو نەتیجەیەم بینیەوە، بۆیە پاڵپشتى ئێمە بۆ ئەم زانکۆیە لەسەر ڕێگەیەەکى ڕاستە، بەڵام خەمى ئێمە هەمیشە باشترکردنە، چونکە بەدواى باشتریندا دەگەڕێین، بۆ ئەوەى بتوانین لە بوارى خوێندنى باڵا، ماستەر و دکتۆرا باشتر پاڵپشتی زانکۆى جیهان-هەولێر وەک دایکى زانکۆ تایبەتەکان بکەین، بۆ ئەوەى نەوەکانمان بۆ گرفتەکان و ئاڵنگارییەکانى داهاتوى مییلەتەکەمان باشتر ئامادە بکەن.
لە فێستیڤاڵی زانست و کەلتورى و هونەرى زانکۆى جیهان-هەولێردا فێرخوازان لە بەشە جیاکان جگە لە نمایشکردنى بەرهەمە زانستى و کەلتورى و هونەرییەکانیان، هاوکات لە بەشە پزیشکى و تەندروستیەکانیشدا فێرخوازان ڕێنمایی تەندروستى و هۆشیارى تەندروستیان پێشکەش بە میوانانى فیستیڤال دەکرد، ئەوە جگە لە پشکنینى جۆراوجۆر بۆ فێرخوازانى بەشە جیاوازەکان و مامۆستایان و میوانانى فیستیڤاڵ.