پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى گرنگى لەگەڵ زانکۆی وێستکلیف لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا واژۆ کرد
زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی وێستکلیف (Westcliff University) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێککەوتننامەیەکی ئاڵوگۆڕی هاوکاریکردن (Cooperative Exchange Agreement) یان واژۆ کرد.
ئەم ڕێککەوتننامەیە، کە نێوان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، دکتۆر جولی سیانسیۆ (Julie Ciancio)، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ و، ڕاگری کاری نێودەوڵەتی (Dean of Global Engagement) لە زانکۆی وێستکلیف، واژۆ کرا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پابەندبوونی هەردوولا بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکی سوودبەخشی دوولایەنە داڕێژراوە.
وەک ئەوەى لە خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە دەرفەتی بەرفراوان بۆ ئاڵوگۆڕی پەیوەندى زانستى و هاوکاری ئەکادیمى لە بوارى توێژینەوە و خوێندن ڕەخساندوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش بۆ سەربەخۆیی هەردوو زانکۆ و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییە کاری پێکراو لە هەردوو وڵات. هەر بەپێى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە هەردوو زانکۆ ڕێککەوتوون لەسەر هاندانی ئاڵوگۆڕی ئەندامانی ستافى زانستى و، فێرخوازان بۆ مەبەستی ئەنجامدانى توێژینەوە، فێرکردن و خوێندن.
واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و، ڕێگە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی زانستی و پەروەردەیی هاوبەش خۆش دەکات، کە ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی کوالیتی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی پسپۆڕ و شارەزادا دەبێت.
زانکۆی وێستکلیف (Westcliff University) یەکێکە لە دامەزراوە ئەکادیمییە ناسراوەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، کە بە پەیڕەوکردنی سیستمی خوێندنی نوێگەرا و جەختکردنەوە لەسەر کارامەیی کرداری ناسراوە. ئەم زانکۆیە خاوەنی پێگەیەکی ئەکادیمیی زانستی بەهێزە، هەروەک خاوەنی متمانەی دامەزراوەی نێودەوڵەتیە لەوانە دامەزراوەی (WSCUC – WASC Senior College and University Commission)، کە یەکێکە لە بەرزترین دەستەکانی باوەڕپێکردن لە ئەمریکا. هەروەها بڕوانامە و پرۆگرامەکانی لە بواری کارگێڕی و بازرگانیدا لەلایەن ئەنجومەنی باوەڕپێکردنی قوتابخانە و پرۆگرامەکانی بزنس (ACBSP)ـەوە متمانەی نێودەوڵەتییان پێدراوە. زانکۆی وێستکلیف بە گرێدانی لایەنی تیۆری لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاری جیهانی و پێشکەشکردنی پرۆگرامی تایبەتمەند لە بوارەکانی کارگێڕی، تەکنەلۆژیا و پەروەردە، ژینگەیەکی فێربوونی دینامیکی بۆ فێرخوازانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابین کردووە.




