پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆی تەکنیکیی فوراتی ناوەڕاست کرد
بەمەبەستى دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر وەفدێکى زانکۆى زانکۆی فوراتی ناوەڕاستی تەکنیکی (جامعة الفرات الأوسط التقنية) سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد.
ڕۆژى پێنچ شەممە رێکەوتى (١٥/١/٢٠٢٦) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆی فوراتی ناوەڕاستی تەکنیکی بەسەرۆکایەتى (پرۆفیسۆر دكتور حسن لطيف كاظم الزبيدي) سەرۆکى زانکۆ کرد.
دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پەیوەندى زانستى لە نێوان هەردوو زانکۆکە کرا. لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشکرد بەوەفدى میوان کرد و، ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە”، وتیشى زانکۆکەمان لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى هەر لە ساڵى (٢٠٠٧) تا ئەمڕۆ لە گەشەکردنى بەردەوامدایە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتە باسێکى لەبارەى ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆکان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی کرد، وتیشى زانکۆکەمان تەنها جەخت لەسەر پێدانى بڕوانامەى دەرچوون بەفێرخواز ناکاتەوە، بەڵکو چەندین کارى گرنگى دیکەمان بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە کردوە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین خولى زانستى جۆراوجۆرمان کردۆتەوە.
هاوکات، پرۆفیسۆ دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەخستنەڕووى چەندین نمونە باسى پێشەنگبوونى زانکۆکەى کرد، بەتایبەت لە بوارى پیادەکردنى سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسیس) ، کە یەکەم زانکۆیە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان ئەوسیستمەى جێبەجێکردوە، کاریگەرى لەسەر زانکۆکەمان هەبوو. هەروەها باسى لە دیدگا و ستراتیژى زانکۆ بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکە کرد بەتایبەت لە ئێستادا کە پرۆگرامى بەشێکى زۆرى بەشە زانستیەکان بە زمانى ئینگلیزین، بۆ ئەوەش لە هەوڵدان فێرخوازانى نێودەوڵەتى بۆ زانکۆکە ڕابکێشین، جگە لەوەش متمانەى نێودەوڵەتیی بۆ بەشێک لە بەشە زانستیەکان بەدەستهاتووە.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، کە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم کاکەیی یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان ئامادەیبوون، پرۆفیسۆر دكتور حسن لطيف كاظم الزبيدي سەرۆکى زانکۆی تەکنیکیی فوراتی ناوەڕاست خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا بەو بەرەوپێشچونەى لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەدیهاتووە، دواى ئەوەش کورتە باسێکى لەبارەى زانکۆکەیان باسکرد و، وتى: زانکۆی فوراتی ناوەڕاستی تەکنیکی دامەزراوەیەکی ئەکادیمی حکومییە، لە ساڵی (2014) دامەزراوە دوای ئەوەی دەستەی خوێندنی تەکنیکی لە عێراق دابەشبوو بۆ چەند زانکۆیەک. بارەگای سەرەکی سەرۆکایەتی زانکۆکە لە پارێزگای نەجەفە و، زانکۆکە کۆمەڵێک کۆلێژی تەکنیکی و پەیمانگەی تەکنیکی لەخۆدەگرێت کە لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا بڕوانامەی (دبلۆمی تەکنیکی، بەکالۆریۆسی تەکنیکی، ماستەر و دکتۆرا) دەبەخشن.
پاشان ئاماژەى پرۆفیسۆر دكتور حسن لطيف كاظم الزبيدي بەئامانجى سەردانەکەیان بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: ئەخوازین پەیوەندى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ زانکۆکەتان دروست بکەین، بۆ پەرەپێدانى تواناى زانستى مامۆستایان بەتایبەت لە بوارى پەروەردە و، توێژینەوە و پێداگۆجى، هیواشى خواست ئەم سەردانە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەى ببێتە بەردى بناغەى پەیوەندییەکى درێژخایان و پتەو، کە دوجار بەخزمەتکردنى زانکۆ و کۆمەڵگەى هەردوولامان بکەوێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هەموو جۆرە ئامادەییەکى زانکۆى پیشاندا بۆ پتەوکردن و شۆڕکردنەوەى ئاستى پەیوەندییەکان بۆ نێوان بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان و، ئەنجامدانى کۆنفرانس و توێژینەوەى هاوبەش.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر دكتور حسن لطيف كاظم الزبيدي سەرۆکى زانکۆی تەکنیکیی فوراتی ناوەڕاست ڕێککەوتنامەى هاوبەشیان نوێکردەوە و، جەختیان لە برەودانى زیاتر بە ناوەڕۆکەکەى کردوە، شایانى باسە پێشتر هەردوو زانکۆکە لە ساڵى (٢٠٢٢) ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەشیان واژۆکرد و، بەهۆیەوە چەندین چالاکى جۆراوجۆریان ئەنجامدا، ڕێکەوتنامەکەى ئەمڕۆش دەبێتە درێژەپێدەرى جێبەجێکردنى ئەو نەخشەڕێى نێوانیان لە بوارە جیاوازەکان.








