پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر چوار فێرخواز بۆ تەواوکردنى خولێکى ڕاهێنانى زانستی ڕەوانەی وڵاتی چیک دەکات
لە بەر ڕۆشنایی پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی کەلتووری و زانستی، زانکۆی جیهان-هەولێر چوار فێرخوازی لە بەشە زانستیەکان بۆ بەشداریکردن لە خولێکى بوارى تەندروستى و سەلامەتى و ژینگەیی ڕەوانەى زانکۆی “پالاسکی” لە وڵاتی چیک دەکات.
بەو بۆنەیەوە، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ فێرخوازە کاندیدکراوەکان و کەسوکاریان، کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی گرنگی ئاراستە کردن. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان و کەسوکاریان، پیرۆزبایی کاندیدبوونى لێکردن، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گەشتە تەنها گەشتێکی زانستی نییە، بەڵکو تێپەڕاندنی سنوورەکانی زانستە لە کوردستان و عێراق بۆ ئاشنابوون بە ئاستی جیهانی.
سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر وتیشی: “ئەم ئەزموونە دەبێتە هۆی ئەوەی فێرخوازان متمانەیەکی تەواویان بەو ئاستە زانستییە هەبێت کە لە زانکۆی جیهان-هەولێر و لەلایەن مامۆستاکانیانەوە پێیان دراوە. ڕونیشیکردەوە کاتێک ئێوەى فێرخواز لە وڵاتێکی ئەوروپی دەخوێنن، دەبینن کە سیستمی (بۆلۆنیا پرۆسیس) کە ئێمە پەیڕەوی دەکەین، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نییە.”
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخان کرد بۆ لایەنى ئاکارى فێرخوازان و، بۆ ئەوەش جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چوار فێرخوازە تەنها نوێنەرایەتی خۆیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر و باڵیۆزی هەرێمی کوردستان و عێراقن، بۆ ئەوەش داوای لێکردن پارێزگاری لە بەها کۆمەڵایەتی، ئاینی و ئاکارییەکانی خۆیان بکەن و وەک هێڵێکی سوور سەیری بکەن، لە هەمان کاتدا ڕێز لە کەلتووری وڵاتی خانەخوێ بگرن.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتیشی: “گرنگە لە کاتی گەڕانەوەتاندا، ئەو ئەزموون و کارامەییانەی بەدەستان هێناوە بۆ هاوڕێکانتان لە قۆناغ و بەشە جیاوازەکان بگوازنەوە، چونکە هەر یەکێکتان وەک نوێنەری (100) فێرخوازی دیکە وان لە گواستنەوەی مەعریفەدا.”
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاسی کەسوکاری فێرخوازانی کرد بۆ ئەو متمانە گەورەیەی بە زانکۆی جیهان-هەولێر هەیانە و ڕایگەیاند: “مایەی شانازییە کە خێزانەکان هێندە پاڵپشتی فێرخوازانن. ئێمە وەک زانکۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی مادی و مەعنەوی پێشکەش دەکەین بۆ ئەوەی فێرخوازان بگەنە بەرزترین ئاست و ئەم گەشتە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پەرە بە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بدەن.، چونکە ئەم گەشتە زانستییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ فێرخوازان تا کارامەییەکانیان پەرەپێبدەن و ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوانتر بێت، هەربۆیە زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوامە لە کارکردن بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان، بە ئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەک کە بتوانێت لە کێبڕکێی بازاڕی کاری جیهانیدا سەرکەوتوو بێت.
لە کۆتاییدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هیوای گەشتێکی ئارام و پڕ دەستکەوتی بۆ فێرخوازان خواست و داوای لێکردن لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ سەرۆکایەتی بەش و بەرپرسانی پەیوەندییەکان بۆ هەر پێویستییەک.
هەر بەو بۆنەیەوە فێرخوازان و کەسوکاریان سوپاس و ستایشى پاڵپشت و کارە گرنگەکانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ستافى زانکۆ بەگشتى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە جۆراوجۆرانە بۆ فێرخوازان تا بتوانن پەرە بە لێهاتوەکانیان بدەن و ئەزمونى جیاواز ببینن.
بەشداریکردنى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەو خولە، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەیەکى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆی پالاسکی (Palacky University Olomouc) لە کۆماری چیک دێ، کە لە کۆتایی ساڵى (2024) لە نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر دکتۆر مددر مارتن بروكزاكا (MUDr. Martin Prochazka) سەرۆکى زانکۆی پالاسکی واژۆ کرا، لە مانگى تشیرنى دوەمى ساڵى ڕابردووش ئەم دەرفەتە بۆ فێرخوازان ڕاگەیاندرا.







