پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ زانکۆی پۆتراى مالیزى واژۆ کرد
زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستیە ڕەسەنەکان، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٥) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەشى لەگەڵ زانکۆى پۆتراى مالیزى واژۆ کرد.
بەر لە ئەنجامدانى ڕێککەوتنامەکە؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندى زانکۆى پۆتراى مالیزى بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر دکتۆر محمد جوهری محمد یوسف (Ts. Gs. Dr. Mohd Johari Mohd Yusof) ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆى پۆترا مالیزیا گفتوگۆیان لەبارەى پێویستى دروستکردنى پەرەپێدانى پەیوەندى زانستى نێوان زانکۆکان کرد بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر و ئاڵوگۆڕى زانیارییەکان لە پسپۆڕییە جیاکان.
بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و ژمارەى بەشە زانستیەکان و ستافى زانستى و فێرخوازان و دیدگە و پێگەى زانکۆ بۆ شاندى میوان باسکرد، هاوکات باسیان لە پێویستى ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و فێرخوازان و سوود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر کرد، لە بەرانبەردا سەرۆکى شاندى میوان خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە ئامادەبونیان لە هەرێمى کوردستان و بەشداریکردنیان لە پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لە بوارى زانستى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى، هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا تاوتوێى چەندین تەوەرى دیکەى هاوبەشى نێوانیان کرد.
پاشان لە مەراسیمێکى تایبەتدا، کە بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم حەسەن یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و ڕاگرى کۆلێژى ئەندازیارى بەڕێوەچوو؛ سەرۆکى شاندى شاندى زانکۆى پۆتراى مالیزى بە نوێنەرایەتى سەرۆکى زانکۆکەیان و سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەکەیان واژۆ کرد، وەک لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە هەردوو زانکۆ کار دەکەن بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى هاوبەش لە بوارە جیاوازەکان و بەستنى سمپۆزیۆم و وۆرکشۆپى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى فێرخوازان، هاوکات ڕێککەوتنامەکە چەندین خاڵى دیکەى گرنگى پەیوەست بە نەخشەڕێى پێکەوەکارکردنى نێوان هەردوو زانکۆکەى لە خۆگرتووە.
دوابەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەش پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لۆگۆ و درعى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە پڕۆفیسۆر دکتۆر دکتۆر محمد جوهری محمد یوسف سەرۆکى شاندى پۆتراى مالیزى کرد و، هیواى خواست ئەو ڕێککەوتنامەیە ببێتە دەرفەتێکى دیکەى گرنگ بۆ بەهێزکردنى پردى پەیوەندى زانستى نێوان هەردوو زانکۆ و، خزمەتکردن بە ڕەوتى زانست لە نێوان هەردوو گەل.