
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانى زانکۆی دەوحەی قەتەرى کۆدەبێتەوە و ئامادەیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ وەرگرتنی فێرخوازانیان ڕادەگەیەنێت
لە درێژەى چالاکییە بەردەوامەکان و، لە چوارچێوەى دیدار و کۆبونەوەکانى لە ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە وەک ئەندامێکی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵانەی دامەزراوەی (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا دیدارێکی گرنگی لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی زانکۆی دەوحە لە وڵاتی قەتەر ئەنجامدا.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئامادەیی زانکۆی جیهان-هەولێری نیشاندا بۆ وەرگرتنی فێرخوازانى زانکۆی دەوحە و زانکۆکانی تری هاوشێوە بۆ تەواوکردنى خوێندن، ئاماژەی بەوەشدا کە “زانکۆی جیهان-هەولێر بەهۆی هەرزانی کرێی خوێندن و تێچووی کەمی ژیان بەراورد بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها بەهۆی ئەوەی خوێندن لە زۆربەی بەشەکانیدا بە زمانی ئینگلیزییە، دەتوانێت ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ فێرخوازانى ئەو زانکۆیانە کە ئارەزووی خوێندن لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان دەکەن.”
هەوڵەکانی سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە چوارچێوەی ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا بە ئامانجی کردنەوەی دەروازەی نوێی هاریکاری ئەکادیمی و سودوەرگرتنە لە ئەزموونی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان بۆ بەرەوپێشبردنی کواڵیتی خوێندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر و هەرێمی کوردستان.