پلاندانانی شار و دیزاینی شار ناوەڕۆکى دووەمین دانیشتنى یەکەمین ڕۆژى پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستەکانی ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی بوو
لە چوارچێوەى پرۆگرامەکانى بەڕێوەچوونى یەکەمین ڕۆژى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لە بوارى زانستى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى، کە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاری زانکۆی پوترا مالیزیا ڕێکیخستووە، دانیشتنى دووەم تەرخانکرا بۆ توێژینەوەکانى پەیوەست بە پلاندانانی شار و دیزاینی شار بۆ ئەو مەبەستەش چەند توێژینەوەیەک پێشکەشکرا.
لەو دانیشتنەدا، کە لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بە سەرپەرشتی دکتۆر شيماء فاضل الكبيسي لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو، چەند توێژینەوەیەکى گرنگ پێشکەشکران، لەسەرەتاشدا دکتۆر وان شریحانی وان محەمەد لە بەشی تەلارسازی زانکۆی پوترا مالیزیا لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەک تیشک خستە سەر نوێترین چەمکەکانی پلاندانانی شارستانی بەردەوام، بۆ ئەوەش پێداچوونەوەی بە گرنگترین ئەو دەستکەوتانە کرد کە زانستە ئەندازیارییەکان دەتوانن لە بوارەکانی پەرەپێدانی بەردەوام بە گشتی بەدەستی بهێنن، هەروەها دەستی خستە سەر پرۆگرامى فێرکردنی زانستی لە بوارى ئەندازیاری و گرنگی گونجانی نێوان بابەتەکانی تیۆری و پراکتیکی لە زانستە ئەندازیارییەکاندا. بەدوایدا توێژەران توێژینەوەکانیان لەبارەى پرسە سەرەکییەکانی پلاندانانی شار و دیزاینی شارەکان خستەڕوو.
لەو چوارچێوەیەدا دکتۆر محەمەد ئەزلی بن محەمەد جەمیل لە زانکۆی پوترا مالیزیا ناوەڕۆکى توێژینەوەکەى کە پەیوەست بوو بە “کاریگەری ژینگەی دروستکرا ى گەڕەکەکان لەسەر هەستی کۆمەڵگە لە مالیزیا” پێشکەشکرد، توێژینەوەکەى توێژینەوەیەکى چۆنایەتى بوو، بە خستنەڕووى کۆمەڵێک نموونە باسى لە لایەنە جیاوازەکانى بابەتەکەى کرد و، بە داتا و ئاماریش پشت ڕاستى ناوەڕۆکى توێژینەوەکەى کردەوە، هەروەها دکتۆر ڕێبوار ئیسماعیل ئیبراهیم لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە میانەى خستنەڕووى توێژینەوەکەیدا باسى لە “هەڵسەنگاندنی فۆڕمی شارستانی بەردەوام لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون” کرد و، بۆ ئەو مەبەستەش ڕونکردنەوەى زانستى لە بوارە جیاوازەکان خستەڕوو، لەگەڵ ئاماژەکردن بە گرنگترین ئەنجامەکانى توێژینەوەکەى.
لە بەشێکى دیکەى ئەو دانیشتنەدا، دکتۆر سوهەیلا عەبدولڕەشید لە زانکۆی پوترا مالیزیا لە توێژینەوەیەکدا باسى لە “کاریگەری تێڕوانینەکانی سەلامەتی ژنان لەسەر ڕەفتار” کرد و، بە گەیشتنە بە چەند خاڵێک ئەنجامى توێژینەوەکەى لەبارەى کاریگەری تێڕوانینەکانی سەلامەتی ژنان لەسەر ڕەفتار لە بوارى دیزاین و ئەندازیارى پلانى شارنشینى خستەڕوو، هەروەها توێژەران نور حەیدەر کامیل و دکتۆر سەعد فەوزی لە بەشی تەلارسازی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی بەغداد توێژینەوەیەکیان لەسەر “خۆڕاگری فەزای شارەکان لە کاتی پەتای Covid-19” پێشکەش کرد، بۆ ئەو مەبەستەش توێژینەوەران بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخى پەتای Covid-19 کۆمەڵێک سەرەنج و داتاى گرنگیان کۆکردبوە و، دواى تاوتوێکردنى ئەنجامەکانیان لە بوارى ئەندازیارى خستەڕوو.
پاشان توێژەران فاتیمە ئەیاد عەبدولهادی و دکتۆر عیماد هانی ئیسماعیل لە زانکۆی موسڵ، توێژینەوەیەکى هاوبەشیان لەبارەى “نەخشە کارلێککارەکان وەک ئامرازێک بۆ باشترکردنی پاراستنی میراتی تەلارسازی” پێشکەشکرد، ئەوان لە میانەى توێژینەوەکەیاندا جەختیان لە گرنگى پاراستنى باڵەخانە مێژوویی و کەلتورییەکان کردەوە، چ وەک لایەنى ئەندازیارى و شارستانى چ وەک دیمەنێک لە جوانکردنى دیزاینى شارەکان.
لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا، دکتۆر رائید عەبدوڵڵا حەسەن لە کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سامەڕا توێژینەوەکەی بەناونیشانی (هەڵسەنگاندنی ژاوەژاوی ئۆتۆمبێلی قورس لەسەر دانیشتوانی نزیک ڕێگا خۆجێییەکان لە عێراق: شاری سامەڕا بە نموونە) وەرگرتبوو، ڕێگەی توێژینەوەکەیدا ئاماژەی بە زیادبوونی ئەو هۆکارانە کرد کە دەبنە هۆی ژاوەژاو و پیسبوونی بینین کە لە ئۆتۆمبێلە قورسەکانەوە دێت، کە بە ڕێگاەناوخۆییەکاندا تێدەپەڕن، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی پشێوی بۆ هاووڵاتیانی دانیشتووی نزیک ڕێگەوبانەکان، هەروەک یاساکان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی پەرەپێدانی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاوی ئۆتۆمبێلەکان و دیزاینکردنەوەی ڕێگەوبانەکان بەپێی شێوازە مۆدێرنەکان کە ڕەنگە کاریگەرتر بن لە ڕێگریکردن لە ژاوەژاو و پیسبوون پێکەوە لایەنێکى دیکەى توێژینەوەکە بوون.
دانیشتنەکە بە گفتوگۆیەکی گشتی و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و بەرزکردنەوەی هاوکاری نێوان پسپۆڕان و ئەکادیمییەکان و پیشەگەرەکان لە بواری پلاندانانی شار و دیزاینی شارەکان، کە ئامادەی دانیشتنەکە بوون کۆتایی دێت، دانیشتنەکە بە گەیشتنە بە چەند خاڵێکى گرنگ بووە وێستگەیەک بۆ پاڵپشتیکردن و پێشخستنی بەردەوامیی و داهێنان لە بوارەکانی تەلارسازی و پلاندانان و دیزاینى شارەکاندا.