پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر گروپى دیکەى فێرخوازانى بەرەو پۆڵندا بەڕێکرد
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکەمان ئامانجى جێبەجێکردنى تەواوى پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتیەکانى بوارى خوێندنى باڵایە، بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام و لەسەرجەم ئاستەکان کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەى زیاترى پێگەى زانستى و مەعریفى فێرخوازان، ڕەوانکردنى فێرخوازان بۆ پۆڵندا بەشێکە لە پیادەکردنى ئەو سیاسەتە.
ئەو ڕاگەیاندنەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (24/09/2024) لە میانەى پێشوازیکردن و دیدارى فێرخوازان و کەس و کارى ئەو فێرخوازانە هات، کە بڕیار وایە لە چەند ڕۆژى داهاتودا بەرەو پۆڵندا بەڕێ بکەون بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە، لە چوارچێوەی دیدارەکەدا، کە بەئامادەبونى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو؛ لەسەرەتادا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەخێرهێنانى کەس وکارى فێرخوازانى کرد و، وتى سوپاستان دەکەم کە لە ماوەى ڕابردودا هاوکار و هەماهەنگمان بوون لەگەڵ زانکۆکەمان، هەروەک سوپاستان دەکەین کە ئومێدتان لەسەر منداڵەکانتان و زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵچنیوە و، ئەخوازن لە ڕێگەى زانکۆکەتان ئاستى زانستى ڕۆڵەکانتان بگەێننە ئاستێکى باڵا، بەشێوەیەک کە هیچ کەمتر نەبێ لە فێرخوازانى وڵاتانى دیکە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: ئەم گروپەى فێرخوازان کە ژمارەیان (٦) فێرخوازە لە بەشە جیاکانى زانکۆکەمان، بەپڕۆسەیەکى قورسدا تێپەڕبون تا توانیان لە نێوان (٦٠٢٩) فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر کاندید بکرێن، وتیشى دەستنیشانکردنى ئەم گروپەى فێرخوازان لەسەر کۆمەڵێک بنەما و پێوەرى زانستیە کە لەلایەن زانکۆکەمان بەهاوکارى زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا دیاریکراون.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕوو لە فێرخوازان ڕایگەیاند: ئێوە کاتێک دەچنە پۆڵندا نوێنەرایەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و زانکۆى جیهان-هەولێر و پاشان خێزانەکانتان دەکەن، بۆیە گرنگە ڕەچاوى لایەنى ئاکارى و پەروەردەى و زانستى بکەن، چونکە متمانەی بە ئێوە دراوە، ئەرکێکى گرانە و دەبێ ئەو متمانەیە بپارێزن، وتیشى ئەم دەرفەتێکى زێڕینە بۆ ئێوە هاتۆتە پێشەوە و، پێویستە هەموو کاتەکانى خۆتان بۆ قوستنەوەى تەرخان بکەن و ئاستى زانستیتان پێش بخەن، چونکە ئەم ئەزمونەتان دەرگایەکى فراوانتان بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا لە داهاتوو لێ دەکاتەوە.
لە کۆتایشدا، سەرۆکى زانکۆ؛ کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەى زانستى و ئاکار و چۆنیەتى هەڵسوکەوتکردن لەو وڵاتە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لەهەمانکاتدا سەرۆکى بەشە زانستیەکانى ڕاسپارد لە پەیوەندى بەردەوامدا بن لەگەڵ فێرخوازان بۆ وەڵامدانەوەى سەرجەم پرسیارە زانستى و تایبەتیەکانیان لە ماوەى مانەوەیان لە پۆڵندا.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، کەس وکارى فێرخوازان سوپاسى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ستافى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، کە هەماهەنگ و هاوکاریان بون، هیواشیان خواست ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێ تا بتوانن فێرخوازان لە ژینگەیەکى لەباردا خوێندنەکەیان بەسەرکەوتویی تەواو بکەن.