پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر گروپى دیکەى فێرخوازانى ڕەوانەى زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا کرد
لە چوارچێوەى سیاسەتى بە نێودەوڵەتیکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بە ئامانجى بەرزکردنەوەى زیاترى پێگەى زانستى و مەعریفى فێرخوازان، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر گروپێکى دیکەى فێرخوازانى ڕەوانەى پۆڵندا کرد بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە.
بەڕێکردنى ئەو گروپەى فێرخوازان ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتى (30/09/2024) دواى دیدارێکى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ فێرخوازان و کەس و کارى ئەو فێرخوازانە هات، کە بڕیار وایە لە چەند ڕۆژى داهاتودا بگەنە پۆڵندا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لەو وڵاتە، لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و کارگێڕى و دارایی و فێرخوازان و سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان و کەس وکاریان، کۆمەڵێک ئامۆژگارى پەروەردەیی و زانستى و کۆمەڵایەتى و نیشتیمانى پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا سوپاسى کەسوکارى فێرخوازانى کرد، کە لە ماوەى ڕابردودا هاوکار و هەماهەنگى تیمەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بوون، هیواشى خواست ئەو وێستگەیەى ژیانیان ببێتە دەرفەتێکى گرنگ بۆ پەرەپێدانى ئاستى زانستیان، بەجۆرێک لە دواڕۆژدا سوود بە خۆیان و خێزان و زانکۆ و گەل و نیشتمیانەکەیان بگەێنن، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە زانکۆى جیهان-هەولێر سوورە لەسەر ئەوەى وەک زانکۆ تەنها لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق نەمێنینەوە، بەڵکو ببینە زانکۆیەکى نێودەوڵەتى، هەربۆیە ڕەوانە کردنى ئەم فێرخوازانەش هەر لەو چوارچێوەیەدا دێ.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: ئەم گروپەى فێرخوازان کە ژمارەیان (٥) فێرخوازە لە بەشە جیاکانى زانکۆکەمان، بەپڕۆسەیەکى قورسى مەرج و ڕێنماییەکانى زانکۆکەکان و زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان تێپەڕبون تا توانیان لە نێوان (٦٠٢٩) فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر کاندید بکرێن، وتیشى دەستنیشانکردنى هەریەک لەو فێرخوازانە بۆخۆى بەدەستهێنانى بڕوانامەیەکى باڵایە و پێویستە بە گرنگیەوە لێى بڕوانن و شانازى پێوە بکەن.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕوو لە فێرخوازان ڕایگەیاند: ئێوە کاتێک دەچنە پۆڵندا دەبنە باڵیۆزى زانستى عێراق و هەرێمى کوردستان و زانکۆى جیهان-هەولێر و پاشان خێزانەکانتان دەکەن، بۆیە گرنگە ڕەچاوى لایەنى ئاکارى و پەروەردەى و زانستى وڵاتەکەى خۆتان بەپلەى یەکەم و وڵاتى خانەخۆى بەپلەى دووەم بکەن، بەڵام دڵنیام ئێوە دەبنە نموونەیەکى دیکەى جوانى ئەو پرۆسەیەى زانکۆکەمان دەستى پێکردوە و، دەتوانن بەسەرکەوتویی ئەو وێستگەیەکى خوێندن تەواو بکەن، وتیشى بۆیە گرنگە لە ماوەى مانەوەتان لەو وڵاتە ئاشناى وردى سیستم و پرۆسەى خوێندن بن، چونکە لە دوا ڕۆژدا دەرگایەکى فراوانتان بەڕودا دەکاتەوە بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا لەو وڵاتە.
لە کۆتایشدا، سەرۆکى زانکۆ؛ کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەى زانستى و ئاکار و چۆنیەتى هەڵسوکەوتکردن لەو وڵاتە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لەهەمانکاتدا سەرۆکى بەشە زانستیەکانى ڕاسپارد لە پەیوەندى بەردەوامدا بن لەگەڵ فێرخوازان بۆ وەڵامدانەوەى سەرجەم پرسیارە زانستى و تایبەتیەکانیان لە ماوەى مانەوەیان لە پۆڵندا.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، کەس وکارى فێرخوازان سوپاسى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ستافى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد، کە هەماهەنگ و هاوکاریان بون، هیواشیان خواست ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێ تا بتوانن فێرخوازان لە ژینگەیەکى لەباردا خوێندنەکەیان بەسەرکەوتویی تەواو بکەن.