پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: ئامانجەکانى نەتەوەیەکگراوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام دەکەینە پرۆگرامى خوێندن
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر هەموو هەوڵێکى خۆى دەخاتە کار بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام کە بە (SDG) ناسراوە، ئەو وتانەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى کۆبونەوەیەکیدا هات، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر نەخشەڕێى جێبەجێکردنى پرۆگرامەکانى خوێندنى تایبەت بە (SDG) لە بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (2024/12/18) لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەئامادەبونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و مامۆستایان بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا پڕۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح یەحیا بابەتێکى بەناونیشانی “گۆڕینی زانکۆکەمان: گەشتێکی بەردەوام لەگەڵ ئامانجە بەردەوامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان” (Transforming Our University: A Sustainable Journey with the UN-SDGs)، پێشکەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح یەحیا کورتەیەکى سەبارەت بە گرنگی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان باسکرد و، وتى: نەتەوەیەکگرتوەکان وەک لە کارنامەکەیدا هاتووە کار دەکات تا ساڵى (٢٠٣٠) هەر (١٧) ئامانجەکەى تایبەت بە پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs) بەدى بهێنێ، کە تایبەت بە چارەسەرکردنى ئەو گرفت و ئاستەنگانەى ڕوبەڕوى وڵاتانى جیهان بۆتەوە، لەوانە هەژاری، نایەکسانی، گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە.
لە بەشێکى دیکەى بابەتەکەیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح یەحیا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، بۆ ئەوەش جەختی لە پێویستی پلانێکى گشتگیر و هەمەلایەن و ڕێکخراو کردەوە لە پێناو بەدیهێنانى خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان و ڕەخساندنى ژینگەیەکى تەندروست و خۆشگوزەران بۆ هەمووان، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە، کە زانکۆی جیهان-هەولێر دەستى بە هەنگاوی گرنگ کردوە بۆ تێکەڵکردن و ئاوێتەکردنى ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لە پرۆگرامە ئەکادیمییەکانیدا، بۆیە ئەمڕۆ مۆدیول و بابەتێکى نوێ بە ناوی “UN-SDGs” دەناسێنین، کە بڕیاردراوە فێرخوازانى قۆناغى یەکەم لە کۆرسى دووەمدا بیخوێنن، وتیشى لەم پرۆگرامى خوێندنەدا تێگەیشتنێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام، گرنگیەکەى، پێویستى بابەتەکانى و، لایەنە جیاوازەکانى ئاشناى فێرخوازان دەکرێ، بەئامانجى ئەوەى فێرخوازان ببنە کارەکتەرێکى کارا و چالاک بۆ گۆڕانکاری و بەشداریکردن لە داهاتوویەکی بەردەوامتر و بەدیهێنانى ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان.
پاشان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى پێشکەشکردنى وتەکەیدا دواى دەستخۆشیکردن لە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح یەحیا، ئینجا بە گرنگیەوە باسى لە ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوامى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ئامادەبوان کرد و ڕایگەیاند: ئەم ئامانجانە لەسەر بنەماى بونیاد نانى تاک داڕێژراوە، بۆیە تەنها نابێتە بابەتێکى خوێندن، بەڵکو فێرخواز دەبێتە تەوەر و ڕەگەزێکى گرنگى بابەتەکە، بەجۆرێک دەبێ لە ژیانى ڕۆژانەى ڕەنگبداتەوە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوامى نەتەوەیەکگرتوەکان لە ڕابردو و لە ئێستاشدا ڕۆژانە لە زانکۆکەمان پیادە دەکرێ، بەڵام بەشێوەیەکى ڕێکخراو نەبووە، بۆیە لێرە بەدواوە بەشێوەیەکى ڕێکخراو کاردەکەین و مامۆستا و فێرخوازان و کارمەندان ئاراستە دەکەین بۆ بەدیهێنانى خاڵەکانى ئەو ئامانجانە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: هەنگاوى یەکەم ڕوو لە مامۆستایانە، کە نابێ هیچ سمینارێک پێشکەش بکەن، ئەگەر خزمەتى ئامانجێک لە ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان نەکات، هەروەها هیچ توێژینەوەیەک ئەنجام نادەن ئەگەر خزمەتى ئامانجێک لە ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام نەکات.
سەبارەت بە فێرخوازانیش؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: ئەرکە لەسەر مامۆستایان و سەرۆکایەتى بەشەکان؛ فێرخوازان بەجۆرێک ئاراستە بکەن، کە هەموو چالاکیەکیان لە ناو زانکۆ و دەرەوەى زانکۆ بچێتە خزمەتى ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ فێرخوازان گرنگى ئەو ئامانجانەیان بۆ شى بکرێتەوە، ئینجا ڕێگە ڕاستەکەیان پێ پیشان بدرێت. بۆ نەخشەڕێى پرۆگرامەکانى خوێندنى بابەتى (SDGs) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: بەپێى پسپۆڕى بەشەکان وردەکارییەکانى پرۆگرامەکانى خوێندنى بابەتى (SDGs) کارى لەسەر دەکرێ، بەجۆرێک نابێ زانکۆى جیهان-هەولێر لە ئیپماکت فاکتەر ڕانگى تایمزى داهاتوو هیچ زانکۆیەک لەو بوارە لە پێشەوەى بێ.
لە کۆتایی قسەکانیدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: بەدیهێنانى ئەم ئامانجانەى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام پێش هەر شتێک خزمەت بە مرۆڤایەتى دەکات، بۆیە ئەرکى سەرجەم مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانە بەوردى کارى لەسەر بکەن، چونکە بە جێبەجێکردنى ڕێژەى (٥٠%) ئامانجەکان لە وڵاتەکەمان، ئەوا دەبینە کۆمەڵگەیەکى پاک و بێ گرفت، مایەى خۆشحاڵیشە لە زانکۆى جیهان-هەولێر ژینگەیەکى لەبار بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجانە ڕەخساوە و، بۆردێکى پڕۆفێشناڵى نێودەوڵەتی پێکهاتووە، هاوکات لێژنەیەکیش لەسەر ئاستى زانکۆ دروست کراوە بۆ چاودێریکردنى جێبەجێکردنى کارنامەکان، چونکە ئێمە سورین لەسەر ئەوەى کارەکان بەباشى بڕوات و، لە قۆناغەکانى خوێندن جێبەجێ بکرێ.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، ئامادەبوان کۆمەڵێک پرسیار و پێشنیازیان خستەڕوو لەبارەى وردەکارییەکان و باشتر ڕاپەڕاندنى کارەکان.