پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە گەڵ نوێنەرى ژمارەیەک لە زانکۆکانى وڵاتانى دەرەوە کۆبوەوە
لە پەراوێزى بەڕێوەچوونى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانستە دارایی و کارگێڕییەکان، کە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا و زانکۆى موسڵ بەڕێوەى دەبات، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە نوێنەرى ژمارەیەک بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
لە میانەى پێشوازیکردنەدا، کە ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠٢٥) بە ئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەهاوبەشیکردن و خستنەڕوى توێژینەوەکانیان لە کۆنفرانسەکەدا، پاشان باسى لە دید و بۆچونى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بەتایبەت لە بوارى پەرەپێدانى بەردەوام و جێبەجێکردنى (١٧) ئامانجەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان، کە ئەمڕۆ بۆتە بابەتێکى گرنگ، وتیشى زانکۆى جیهان-هەولێر بەچڕى کار لەسەر بەدیهێنانى ئەو ئامانجانە دەکات، بۆ ئەوەش ستراتیژ و پرۆگرامى جیاوازى داڕشتوە و کارەکانیشى لەو چوارچێوەیەدا بەشێوەیەکى ڕێکخراو دەستپێکردوە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بە گرنگیەوە باسى لە کارى پێکەوەیی و هەماهەنگى نێوان زانکۆکان کرد بۆ پەرەپێدانى کارى زانستى و سودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر، ئەوەشى ڕاگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر بەرەو زانکۆیەکى نێودەوڵەتى دەڕوا، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ میوانان گفتوگۆى لە بوارە جیاوازەکانى ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى فێرخواز و مامۆستایان و ئەنجامدانى کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و سمینارى زانستى و چەندین بابەتى دیکە کرد.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکدا، شاندى ئەکادیمى زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا، زانکۆى ئەمریکى لە ئوردون، زانکۆى بیرنگهام لە بەریتانیا، زانکۆى قەتەر لە قەتەر…هتد کە بەشدارن لە پێنجەمین لە کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە دارایی و کارگێڕییەکان، دواى خۆشحاڵى دەربڕین بەو پێشوازیکردن و بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە، گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتى زانستى و ئەکادیمى کرد، وەک پێویستیەک بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنى کارى هاوبەش لە داهاتوو، هەروەک جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە نابێ پەیوەندییەکان تەنها لە بوارى زانستى و ئەکادیمى چڕ بکرێتەوە، بەڵکو پێکەوە کار بکرێ بۆ ئەو کارانەى خزمەت بە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتى بەگشتى دەکەن، لەوانەش جێبەجێکردنى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام.