پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی-کوێت (IUK) واژۆ کرد
لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە (٥٧)ەمین کۆنفرانسی گشتی یەکێتى زانکۆکانى عەرەب، کە لە کوێت بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ پرۆفیسۆر بەرەکات عوض ئەلهدەیبان سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی-کوێت بۆ زانست و تەکنەلۆجیا (IUK) ڕێککەوتنامەیەکى واژۆ کرد.
لە بەردەوامى فروانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکان لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى و ئەوروپا و جیهان، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٤/٤/٢٠٢٥)، لە مەراسیمێکدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ پرۆفیسۆر بەرەکات عوض ئەلهدەیبان سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی-کوێت بۆ زانست و تەکنەلۆجیا (IUK) ڕێککەوتنامەیەکى گرنگى واژۆ کرد. ڕێککەوتنامەکە (٥) ماددەى لە خۆگرتووە، بەپێى ئەو مادانە هەردوو لایەن گروپی توێژینەوەی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی زانستی داهێنەرانە، بەرزکردنەوەی هاوکاری توێژینەوە و، بڵاوکراوەی زانستی هاوبەش لە بوارە هاوبەشەکاندا پێکدەهێنن. هەروەها هەردوولا ئاڵوگۆڕی ستافى زانستى دەکەن بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی زانستى، ئەمە جگە لە پەرەپێدانی پرۆگرامەکان بە هاوبەشی بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی خوێندنی باڵا. هەر لە لە نێو ئەو خاڵانەی کە لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە هەردوو زانکۆ بەشداری لە کۆڕ و سیمپۆزیۆم و سیمینارە زانستیەکانى یەکتر دەکەن و، کارئاسانى دەکەن بۆ بەشداریکردن لە خول و ڕاهێنانە جۆراوجۆرەکانى یەکتر، جگە لەوەش، هەردوو زانکۆ کارئاسانى دەکەن بۆ ڕەخساندنى سەردانی زانستی و کەلتووری ئەکادیمی بۆ فێرخوازان، بۆ ئەو مەبەستەش هەردولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە فێرخوازانی هەردوو زانکۆکە دەرفەتی بەشداریکردن لە خولی ئەکادیمی لە زانکۆکەی تر پێ بدرێت، ئەوەش لە ڕێگەی پرۆگرامى ئاڵوگۆڕی فێرخوازان، بەجۆرێک ڕەچاوی ڕێسا و مەرجە تایبەتەکانی هەر زانکۆیەک بکات، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئەزموونی ئەکادیمی خوێندکاران و فراوانکردنی ئاسۆی خوێندنیان.
ڕێککەوتنامەکە چەندین تەوەر و بابەتى دیکەى هاوبەشى لەخۆگرتوە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش دوا بەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکە سەرۆکى هەردوو زانکۆ پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و، هیوایان خواست، ئەم ڕێککەوتنە دەروازەیەکى گرنگ بێت بۆ بونیادنانى داهاتویەکى گەش.