پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ڕیزبەندى نێودەوڵەتى کیو ئێس (QS) کۆبووەوە
لە چوارچێوەی سەردانى شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسى ساڵانەی دامەزراوەی (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای دامەزراوەی (Quacquarelli Symonds – QS) ئەنجامدا، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی جیهان بۆ ڕیزبەندی زانکۆکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ هەریەک لە جێسیکا تێرنەر (Jessica Turner) بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە دامەزراوەى کیو ئێس کواکوارێلی سایمۆندس (QS Quacquarelli Symonds) و، دکتۆر ئاشوین فێرناندێس (Dr. Ashwin Fernandes) بەڕێوەبەری جێبەجێکار – ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا (Executive Director Africa, Middle East & South Asia) لەهەمان دامەزراوە تیشکی خستە سەر ژمارەیەک بابەتى سەرەکی کە پەیوەندییان بە ڕیزبەندییەکانی کیو ئێس بوو، بەتایبەتی ڕیزبەندییەکانی (QS Arab Region University Rankings) و (QS World University Rankings). بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێشووی زانکۆکەدا بۆ چوونە ناو ئەم ڕیزبەندییانە و، جەختی لە پابەندبوونی زانکۆکە کردەوە بە پڕۆسەی بەردەوام بۆ گەیشتن بە پێوەرە جیهانییەکان. جگە لەوەش تاوتوێی چۆنیەتی هاوکاریکردنی دەزگای کیو ئێس لەگەڵ زانکۆی جیهان-هەولێر، لە بوارى پێشخستن و پەرەپێدانی زانکۆکە لە بوارە جیاوازەکان بەتایبەت لە پێشخستنی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە شێوازێک کە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکاندا بگونجێت، هاوکات پەرەپێدانی تاقیگە و ژێرخانی زانکۆ و ،ڕۆڵی کیو ئێس وەک ڕێنیشاندەرێک بۆ باشترکردنی تاقیگەکان و ژێرخانە زانستییەکانی زانکۆ، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ خوێندن و توێژینەوە لایەنێکى دیکەى کۆبونەوەکە بوو.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆ کرا، بەتایبەت پێشخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاڵوگۆڕی فێرخوازان و مامۆستا، و گونجاندنی پڕۆگرامەکان لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان. لە کۆتایشدا تیشک خرایە سەر گرنگی و چۆنیەتی بەدەستهێنانی متمانەبەخشیی (Accreditation) دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ زانکۆکە، کە بەخاڵێکى گرنگ بۆ کوالیتی و باوەڕپێکراویی پڕۆسەی خوێندن و توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.