پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى بۆردى دامەزراوەى (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵا کۆبوەوە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لە چوارچێوەی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستاندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵانەی دامەزراوەی (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد. لە میانەی کۆنفرانسەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ دکتۆر فانتا ئاو (Fanta Aw)، سەرۆکی دامەزراوەی (NAFSA) و، بەڕێوەبەری جێبەجێکار (CEO)و، ئەندامانی بۆردى دامەزراوەکە ئەنجام دا.
لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانی ڕۆڵی کارای زانکۆی جیهان-هەولێر لە ئاستى نێودەوڵەتیی بۆ کاروبارى خوێندنی باڵا کرا، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە پێویستى سوودوەرگرتن لە دامەزراوەی (NAFSA) وەک پلاتفۆرمێک بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی جیهان کرد، بەو پێیەى ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆ ناودار و ڕەسەن و پێشەنگەکانی جیهان ئەندامى ئەم دامەزراوەیەن، هەروەک ئەم کۆنفرانسە وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ تۆڕبەندی و دروستکردنی پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکان باسى لێوە کرا.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، تاوتوێى پڕۆژەی گرنگی ئاڵوگۆڕی فێرخوازان لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆ بیانییەکان کرا، بۆ ئەوەش لایەنی (NAFSA) بەڵێنی دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندییان لەگەڵ زانکۆ هاوبەشەکانیان دا بۆ ئاڕاستەکردنی فێرخوازان بەرەو زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنى خوێندن، لەم ڕووەوە، سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لەو فێرخوازانە، بە تایبەتی کە خوێندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە زمانی ئینگلیزییە، ئەمەش دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ هەر فێرخوازێکى نێودەوڵەتى کە بتوانێت لە زانکۆى جیهان-هەولێر خوێندن تەواو بکات.
لایەنێکى دیکەى گفتوگۆکە تەرخانکرا بۆ ئاڵوگۆڕی پڕۆگرامە ئەکادیمییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە فێرخوازان بۆ تەواوکردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا، هاوکات لە گرنگی دروستکردنی پردى زانستى لە نێوان زانکۆکان و سێکتەرەکانی پیشەسازی (وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و، وزەی نوێبووەوە) کرا، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر داواى لە بەرپرسانى نەفسا کرد؛ بە ئەزموونەکانی دامەزراوەى (NAFSA) لەو بوارەدا هاوکاریان بن.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا؛ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر بانگهێشتى کۆنفرانسی ساڵی داهاتووی (NAFSA)ی کرا، کە بڕیارە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، واش بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و دامەزراوەى (NAFSA) بەردەوامى پێ بدرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە و هاوکارییانەی لە کۆبونەوەکەدا لەگەڵ بەرپرسانى دامەزراوەی (NAFSA)دا باسکران.