پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر یاداشتێکى لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆى ئەندەلوسى سوورى واژۆ کرد
لە چوارچێوەى هەوڵە بەردەوامەکانى بۆ فراوانکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، زانکۆى جیهان-هەولێر یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى زانستى لەگەڵ زانکۆى ئەندەلوسى تایبەت بۆ زانستە پزیشکییەکان لە کۆمارى عەرەبى سووریا واژۆ کرد.
ڕۆژى ڕۆژى یەک شەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٧/٢٠٢٥) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازی لە دکتۆر كنعان ئەلتەمیمى، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى ئەندەلوس تایبەت بۆ زانستە پزیشکییەکان لە کۆمارى عەرەبى سووریا کرد، لە دیدارێکدا کە بەئامادەبونى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچوو، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر ودەسکەوتە زانستیەکانى و پێگەى ئەکادیمى پێشکەش بە شاندى میوان کرد، لە بەرامبەردا شاندى میوان خۆشحاڵى خۆیان بەو سەردانە پیشاندا، پاشان هەردوو لا گفتوگۆیان لەبارەى چەند بابەت و پرسێکى زانستى جێ بایەخى نێوانیان کرد.
دواتر لە مەراسیمێکى تایبەتدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر كنعان ئەلتەمیمى، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى ئەندەلوس بۆ کاروبارى زانستى و توێژینەوەى زانستى یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى زانستییان واژۆ کرد، وەک هەوڵێکى گرنگ بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و ئاڵوگۆڕى زانستى نێوان هەردوو دامەزراوە زانستییەکە.
وەک لە یاداشتەکەدا هاتوو؛ ئامانجى سەرەکیان بریتییە لە پتەوکردنى هاوکارى ئەکادیمى و زانستى نێوان هەردوو زانکۆ، هەروەها پشتیوانیکردنى دەرچووان و دابینکردنى ژینگەیەکى گونجاو بۆ ئەوەى بتوانن درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا، بەمەبەستى بەدەستهێنانى زانیارى زانستى و شارەزایی کردەیی کە سوود بە کۆمەڵگەکانیان بگەیەنێت.
یاداشتنامەکە چەندین بوارى گرنگى هاوکارى لەخۆدەگرێت کە ڕەنگدانەوەى جددیەتى هەردوو لایە بۆ بنیاتنانى پردێکى زانستى پتەو پیشان دەدات، گرنگترین بوارەکانى هاوکارى بریتین لە:
- توێژینەوەى هاوبەش: پتەوکردنى توێژینەوەى زانستى لەو بوارانەدا کە جێى بایەخى هاوبەشى هەردوو زانکۆن.
- ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى: پێشوازیکردن لە فێرخوازان، توێژەران و مامۆستایانى هەردوو زانکۆ بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە و کارکردن، بەگوێرەى یاسا و ڕێنماییەکانى هەردوو لایەن.
- پەرەپێدانى ستافى ئەکادیمى: دابینکردنى سەرپەرشتى و ڕێنمایی بۆ ئامادەکردنى ستافى وانەبێژ و فەرمانبەرى لێهاتوو، لەگەڵ ڕەخساندنى دەرفەت بۆ گواستنەوەى زانیارى و شارەزایی.
- سەرپەرشتى خوێندنى باڵا: هاوکاریکردن لە سەرپەرشتیکردنى فێرخوازانى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) و، پێکهێنانى ستافى زانستى و تەکنیکى هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى کارکردن لە بوارە پزیشکى و ئەکادیمییەکاندا.
- چالاکى زانستى: ڕێکخستنى کۆنفرانس، سیمینار و وۆرکشۆپى هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆدا.
- ئاڵوگۆڕى زانیارى: ئاڵوگۆڕکردنى بڵاوکراوە و زانیارى زانستى و پڕۆگرامەکانى خوێندن، لەگەڵ ڕەچاوکردنى تەواوى مافى پاراستنى موڵکایەتى فیکرى.
لە کۆتاییشدا؛ هەردوولا پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و، هیوایان خواست ئەو یاداشتێکى لێکتێگەیشتنە ببێتە نەخشەڕێى کارى داهاتووى نێوانیان بۆ زیاتر فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانیان.