پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر: “لە سەدا ٨٣ی دەرچووانى زانکۆکەمان هەلی کاریان دەستکەوتووە”
ڕۆژى چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/٨/٢٠٢٥) لە مەراسیمێکی شایستەدا لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، ئاهەنگی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی پەیمانگەی جیهان لەسەر ئاستی سەرجەم پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە میانەى وتارێکدا تیشکی خستە سەر ستراتیژی نوێی خوێندن و ڕایگەیاند: سیستمی خوێندنی جیهانی بەرەو پسپۆڕی ورد هەنگاو دەنێت و ئاشکرای کرد بەپێی داتای ورد، “لە سەدا ٨٣ی دەرچووانی زانکۆی جیهان-هەولێر بوونەتە خاوەنی هەلی کار و کاریان دەست کەوتووە.”
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ جەختی لەوە کردەوە کلیلی پێشکەوتن لەم سەردەمەدا بریتییە لە “پسپۆڕی” نەک بەسەربردنی چوار ساڵی خوێندن بە کۆمەڵێک بابەتی لاوەکییەوە کە ڕەنگە فێرخواز پێویستی پێی نەبێت. وتیشی: “دنیا گۆڕاوە، چیتر پێویست ناکات فێرخواز چوار ساڵ لە زانکۆ بەسەر ببات، بەڵکو دەتوانێت لە ڕێگەی پەیمانگەکانەوە زووتر بگاتە بازاڕی کار و ببێتە کەسێکی بەرهەمدار، ” سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەی بەوەشدا زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە جیهانییە، سیستمی “بۆلۆنیا پرۆسیس”ی کارا کردووە، بۆ ئەوەى فێرخواز تەرکیز بکاتە سەر لایەنی کرداری و پسپۆڕی.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد دەلۆ، دڵخۆشیی خۆی بە “بە دەستهێنانى پلەى یەکەمى پەیمانگەى جیهان لەسەر ئاستى پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان” دەبڕى وتى: ئەمە بە بەڵگەی سەرکەوتنی ستراتیژی پەروەردەیی دامەزراوەکانمانە، کە پشت بە سیستەمێکی کارا دەبەستین، بە شێوەیەک تا دەرچووانیان لە دامەزراوەکانی دیکەی گرووپی جیهان (وەک بانکی جیهان، کۆمپانیاکانی جیهان و بریکارییەکانی تۆیۆتا) دادەمەزرێنن و بەمەش بازاڕی کار بۆ دەرچووانمان زیاتر مسۆگەر دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانی جیهان، لە وتارەکەیدا پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتەی کرد و ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی پلەی یەکەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆ پارێزگاریکردن لێی. دکتۆر نەوزاد وتیشی: “یەکەمبوون لەگەڵ یەکەمەکان پێشبڕکێی نوێ دروست دەکات، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ببینە مۆدێلێک نەک تەنها لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.” سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانی جیهان جەختی لەسەر گرنگی “زانین و کار” کردەوە وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و، داواشی کرد پەیمانگای جیهان ببێتە مۆدێلێکی نوێ لە داهێنان و پەیڕەوکردنی ڕەوشتی زانستی.
لە کۆتایدا هیوا محەمەد مەجید، بەڕێوەبەری پەیمانگای جیهان، خۆشحاڵی خۆی بەم سەرکەوتنە دەربڕی و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان و فێرخوازانیان کرد، پاشان نهێنی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی گەڕاندەوە بۆ ئەو دیدگا ستراتیژییەی کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پەیمانگاکەوە لە ساڵی (٢٠١٩) کاریان لەسەر کردووە. ڕوونیشیکردەوە سەرکەوتنیان بەرهەمی پەیڕەوکردنی “مۆدێلێکی خوێندنی تایبەت” و دوورکەوتنەوە بووە لە “شێوازی کلاسیکی”، زیاتر وتی: “ئێمە هەر لە سەرەتاوە ئامانجمان ئەوە بوو شێوازێکی نوێ و جیاواز لە پرۆسەی فێرکردندا پەیڕەو بکەین. سیستمی نوێی پۆلێنکاریی وەزارەتی پەروەردە، کە ساڵانێک بوو داوامان دەکرد، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندین تا بەرهەمی هەوڵ و کۆششی بەردەواممان بسەلمێنین و بە کردار نیشانی بدەین مۆدێلە تایبەتەکەی ئێمە کارا و سەرکەوتووە”، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە یەکەمبوونیان ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو ئەنجامی پلانێکی تۆکمە و کاری بەردەوام بووە. بۆ ئەوەش سوپاسى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهانى کرد، کە بەردەوام پاڵپشتى و هاوکاریانن.