پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی تایلەند کرد
بە ئامانجی تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری ئەکادیمی و کەلتووری لە نێوان تایلەند و هەرێمی کوردستان و، لە پەراوێزى بەڕێوەچوونى چالاکى نێودەوڵەتیی “جەوهەری تایلەند: دۆزینەوەی جوانییە شاراوە و یادگارییەکان” ، کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بە گەرمی پێشوازی لە شاندێکی باڵای تایلەندی بەسەرۆکایەتى سوپارک پرۆنگثورا (Supark Pronghorn)، باڵیۆزی تایلەند لە ئوردن و باڵیۆزی نا نیشتەجێ لە عێراق کرد.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، کە بەئامادەبوونى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەخێرهاتنی شاندی میوان، پوختەیەکی لەبارەی زانکۆی جیهان-هەولێر، پێکهاتە ئەکادیمییەکانی و پێشکەوتنەکانی لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێشکەش بە شاندى میوان کرد، هەروەها ئاماژەی بە دەستکەوتە زانستییەکانی زانکۆکە کرد، دواتریش خواستی زانکۆی جیهان-هەولێری بۆ دروستکردنی پەیوەندی زانستی و کەلتووری پتەو لەگەڵ زانکۆکانی تایلەند دووپاتکردەوە. سەرۆکی زانکۆ هیوای خواست باڵیۆزی تایلەند ڕۆڵی کارای خۆی لەم پڕۆسەیەدا ببینێت و ببێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکانی هەردوولا.
لەلایەن خۆیەوە، سوپارک پرۆنگثورا سوپاسی میواندارییە گەرمەکەی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد و جەختی لەسەر پێویستی دروستکردنی پەیوەندی پتەو لە نێوان زانکۆکانی تایلەند و زانکۆکانی عێراق، بەتایبەتی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆی جیهان-هەولێر کردەوە، هەروەک ئاماژەی بە گرنگی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و کەلتووری دا بۆ پەرەپێدانی تێگەیشتن و هاوکاریی نێوان گەلان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، چەندین بابەتی دیکەی کلتووری و ئەکادیمی پەیوەندیدار بە هەردوولا تاوتوێ کرا، کە دەکرێت ببنە بنەمایەک بۆ پڕۆژە هاوبەشەکانی داهاتوو. ئەم دیدارە نیشانەیەکی گرنگە بۆ خواستی زانکۆی جیهان-هەولێر و حکومەتی تایلەند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمی و کەلتوورییەکانیان، کە دەتوانێت سوودێکی زۆری بۆ هەردوو وڵات هەبێت.