پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر: وێبسایتی زانکۆ ئاوێنەی ڕاستەقینەی چالاکی و دەستکەوتەکانمانە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لەگەڵ ڕاگر و سەرۆک و نوێنەرانی بەشە زانستییەکان بۆ کاروبارى وێبساتى زانکۆ، جەختی لەسەر ڕۆڵی وێبسایتی زانکۆ کردەوە وەک پلاتفۆرمێکی سەرەکی بۆ ناساندن و پێشخستنی زانکۆ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٩/١٠/٢٠٢٥) بەئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ لە هۆڵى (VIP) بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا هەر (٣٠) بەشەکەی زانکۆی جیهان-هەولێر پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ کۆمەڵگە، ژینگەی کارکردن، دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەتدا هەیە. بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە قەبارەی چالاکییەکان و ناوەڕۆکی وێبسایت بە تەواوی ڕەنگدانەوەی واقیعی زانکۆ و پەیام و ستراتیژ و کارە ناوازەکانی زانکۆ نییە.
دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ ڕوونیشیکردەوە، لە کاتێکدا هەندێک دامەزراوە و کۆمپانیا لە جیهاندا داتای زۆر زیاتر لەوەی لە واقیعدا هەیە لە وێبسایتەکانیان بڵاودەکەنەوە، بەڵام زانکۆی جیهان-هەولێر حاڵەتەکەی پێچەوانەیە؛ واقیعی زانکۆ زۆر دەوڵەمەندترە لەوەی لە وێبسایتەکەدا پیشان دراوە. ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی باوەڕێکى تەواوى ئامادەبووان بەوەی کە وێبسایت ئاوێنەی زانکۆیە.
سەرۆکی زانکۆ نیگەرانى خۆى نەشاردەوە لەوەى بەشێک لە بەشەکان لە ماوەی ساڵێکدا تەنها یەک چالاکیان هەبووە، بەڵام ئەو بەشانەشى کە ژمارەیەکی زۆر فێرخوازیان هەیە. جەختی لەسەر گرنگیی زیادکردنی چالاکییەکان و نوێکردنەوەی بەردەوامی وێبسایت کردەوە، بەوپێیەی باشترین ڕێگە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی دەرەوە و ناساندنی تواناکانی زانکۆیە. وتیشی: “گرنگتر لە ناساندنی پەیام و ئامانج و دەرفەتی کارەکانتان لە وێبسایتدا، ئەوەیە کە چیتان کردووە یان چی دەکەین؟ ئەوەش ڕۆژانە لە چالاکی و هەواڵەکانی بەشەکانتاندا دەردەکەوێت، بۆ ئەوەش” سەرۆکى بەشەکانى ڕاسپارد بەردەوام چالاکی ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی پێگەکانتان لە وێبسایت نوێ ببێتەوە و، ژمارەى چالاکیەکەتان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بەرز بکەنەوە و پێگە و ناوبانگەی زانکۆ و بەشەکانیان بەو جۆرە دەربکەوێت کە لە واقیعدا بوونى هەیە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ تێڕوانینی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی کارەکان خستەڕوو، هەروەک سەرۆکایەتی بەشە زانستییەکان و نوێنەرانی بەشەکان بۆ کاروباری وێبسایت ڕاسپارد کە پلانەکانی خۆیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە ماوەیەکی نزیکدا پێشکەش بکەن، وتیشى پێویستە لە پلانەکانتاندا بایەخ بە چۆنایەتى هەواڵ و چالاکیەکان بدەن و پابەندى تەواوى ڕێنماییەکانى سەرۆکایەتى زانکۆ ببن بۆ کار و چالاکیەکانى وێبسایت و چۆنیەتى ئامادەکردنى هەواڵەکان، جگە لەوەش جەختى لەوە کردەوە، کە دەبێ بایەخى تەواو بە پەڕەى کۆلێژ و بەشە زانستیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بدەن و بەستەرى هەواڵەکان بەهەرسێ زمانى (کوردى، عەرەبى و ئینگلیزى) دابنێین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا مامۆستای یاریدەدەر هێمن ئەمین جەلال، چالاکییەکانی زانکۆی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئاستی گشتی زانکۆ و بەشە زانستییەکان خستەڕوو. کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان ئامادەبووان و وەڵامدانەوەی سەرۆکی زانکۆ کۆتایی هات.