پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان تاوتوێ دەکەن
بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی کونسڵگەری گشتیی کۆماری کۆریای باشووری لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٦/٢/١١) بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و دکتۆر ساڵح مستەفا، بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ ئامادەی بوون، لەلایەن (سیونگچێۆل لیم)، کۆنسڵی گشتیی کۆریای باشوور، پێشوازییەکی گەرمى لە شاندی زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر کورتەیەکی دەربارەی مێژووی زانکۆ و قۆناغەکانی پەرەسەندنی لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە خستە ڕوو، هاوکات سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکی خستە سەر پێکهاتەی بەشە زانستییەکان و لێهاتوویی ستافی ئەکادیمی و ئەو دەستکەوتە زانستییانەی کە زانکۆکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەستی هێناون. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە، دروستکردنی هەماهەنگییە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی کۆریای باشوور لە بوارە جیاوازەکانی زانست و تەکنەلۆژیادا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی فێرخوازان.
لای خۆیەوە، (سیونگچێۆل لیم)، کۆنسڵی گشتیی کۆریای باشوور، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە دەستکەوتی وڵاتەکەی کرد کە دوای جەنگى جیهانى دووەم و جەنگى نێوان هەردوو کۆریا لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو، توانییان ببنە یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهان. هەروەها خۆشحاڵی خۆی نیشان دا بۆ گواستنەوەی ئەم ئەزموونە سەرکەوتووانە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەش بەڵێنی دا کە هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کونسڵگەری لەگەڵ زانکۆی جیهان-هەولێر. هەروەها ئامادەیی کونسڵگەرییەکەی نیشان دا بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی و ئاسانکاری لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆ باڵاکانی کۆریای باشووردا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا چەندین بیرۆکە و پێشنیازیان دەربارەی بابەتە جێبایەخەکانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ کرد. دەرەنجامی گفتوگۆکە گەڵاڵەکردنی چەند پێشنیازێکی گرنگ بوو بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانستی و فەرهەنگی، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی بۆ دەنرێت.








