پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کاراى پانێڵەکانى کۆنفرانسی نێودەوڵەتى زانکۆکان لە قەتەر دەکات
لە بەردەوامى بەڕێوەچوونى چالاکیەکانى کۆنفرانسی نێودەوڵەتى زانکۆکان، کە لەلایەن کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (IAU) ڕێکخراوە و لە زانکۆى قەتەر بەڕێوەدەچێ؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کاراى پانێڵەکان دەکات.
بۆ ئەو مەبەستەش سێ بابەتى گرنگ لە کۆنفرانسەکە پێشکەشکران، بابەتى یەکەمیان تایبەت بوو بە هەنگاوەکان بۆ فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان (Moving Beyond Mobility – Broadening the Scope of Internationalisation)، هەروەک بابەتى دووەمیش تایبەت بوو بە (Deliberate Interdependence: What Do We Give Up – What Do We Gain) وابەستەیی بە ئەنقەستى کەلتورى و بەدەستهێنانى دەسکەوتەکان ، بابەتى سێیەمیش تەرخانکرا بوو بۆ باسکردن لە بارەى کاریگەری جیۆپۆلەتیک لەسەر داهاتووی هاوکارییە نێودەوڵەتیەکان (The Impact of Geopolitics on the Future of International Cooperation)، دواى پێشکەشکردنى بابەتەکان ئامادەبوان سەرەنج و پرسیار و بۆچونەکانیان لەبارەى هەریەک لە بابەتەکان خستەڕوو، بەهەمان شێوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کاراى پانێڵەکانى کۆنفرانسەکەى کرد.
کۆمەڵەى نێودەوڵەتی زانکۆکان لە ساڵی (١٩٥٠) بە چاودێری ڕێکخراوى یونسکۆدا دامەزراوە، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە دوای جەنگی دووەمى جیهانى، بەئامانجى ئەوەى کۆمەڵەکە ببێتە بەشێک لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەرقەرابونى ئاشتى و، بەدیهێنانى لێکتێگەیشتن لە نێوان گەلان و کەلتورە جیاکان، هەر بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان دوو ساڵ جارێک کۆنفرانسى هاوشێوە بەڕێوەدەبات بۆ کۆکردنەوەی زانکۆکان لە سەرانسەری جیهان و ڕەخساندنى دەرفەتى گفتوگۆ بە شێوەیەکی کاریگەر، چونکە گرنگی فێربوون و گفتوگۆی نێوان کەلتورەکان بەخاڵێکى پر بایەخ لە هەموو کاتێک کۆمەڵەکە لێى دەڕوانێ.