پۆڵندا…سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆى لۆدز ئیمزا کرد
لە بەردەوامى سەردانە زانستیەکەى شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕێککەوتنامەیەکى لێتێگەیشتنى لەگەڵ زانکۆى لۆدز ئیمزا کرد.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٩/٥/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندى یاوەرى سەردانى زانکۆى (لۆدز)یان کرد و، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر لوکاس بۆگوکی یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى کۆبوەوە.
لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان کرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر دەستی خوشی لە ستافی زانکۆی لۆدز کرد کە هاوبەشى و بەشدارییەکى کارایان لەچوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بانگهێشتنامەیەکى فەرمى ئاراستەى سەرۆکى زانکۆى لۆدز کرد تا سەردانى زانکۆی جیهان-هەولێر بکەن.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و پڕۆفیسۆر دکتۆر لوکاس بۆگوکی یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى لۆدز بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى ڕێککەوتنامەیەکى لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد، بەپێى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە (٢٥) فێرخوازى زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانى زانکۆی لۆدز دەکەن بۆ ماوەی دوو هەفتە بەشدارى لە خولێکى تایبەت دەکەن، واش بڕیارە لە کوتایی مانگی (6) ئەم ساڵ ئەو فێرخوازانە گەشتەکەیان ئەنجام بدەن، هاوکات ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ماوەى دوو هەفتە بەمەبەستى وانەوتنەوە سەردانى هەمان زانکۆ دەکەن.
بەپێى خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنامەکە وەفدێک لە ستافی کارگێری و وەرگرتنی فێرخوازان لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە کوتایی مانگی 6ی 2023 سەردانى هەمان زانکۆ دەکەن، بەمەبەستى ئاشنابوون بە سێستمی کارگێڕی و چۆنیەتى وەرگرتنی فێرخوازان لە زانکۆکانی پۆڵندە.
خاڵەکانى دیکەى ڕێککەوتنامەکەش تایبەتن بەبەردەوامیدان بە کونفرانسی زانستى هاوبەش و، دروستکردنی گروپاتی توێژینەوە لە سەر ئاستی کولێژ و بەش و پسپۆرییەکان، لەگەڵ چونیەتی هاوکاری دەرچوانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا ماستەر و دکتۆرا و، ئالوگۆرکردنی ستاف فێرخوازان لە نێوان هەردوو زانکۆ لە ڕێگەى پرۆگرامەکانى ( Erasmus-plus و Erasmus Mundus) بەشێکى دیکەى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە بوون.
دوواى ئیمزاکردنى ڕێککەوتنامەکە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە وتەیەکدا سوپاس و دەستخۆشى لە زانکۆى لۆدز کرد و، هیواى خواست ئەم ڕێککەوتنامەیە ببێتە دەرگایەکى دیکەى زانستى بۆ پەرەپێدان بەلایەنى زانستى و خزمەتکردن بەهەردوولا.