پێنجەمین کۆنفرانسى زانستی پڕۆژە نایابەکانى دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو
وەک بەشێک لە چالاکیە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بۆ دەرخستنى بۆ دەرخستنى توانا و کارامەیی دەرچووان و پەرەپێدانى پێشبڕکێى زانستى، بۆ جارى پێنجەم لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆنفرانسێکى تایبەت بەتوێژینەوەى دەرچوون و پڕۆژە نایابەکانى دەرچووان بەڕێوەچوو.
ڕۆژى یەک شەممەى ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠٢٢)، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و، مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و فێرخوازان و دەرچووان، لە هۆڵى کۆنفرانسى زانکۆ چالاکیەکانى کۆنفرانس بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتارێکى پێشکەشکرد.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەرفەمەندین، کە پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى توێژینەوە نایابەکانى دەرچووان ئەنجام دەدەین، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمانە بەشێک لەو توێژینەوانە لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرزەکان بڵاوبونەتەوە.
سەبارەت بە کۆنفرانسەکەش، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد ڕایگەیاند: لە کۆى (٣٥٠) توێژینەوەى دەرچوون لەلایەن لێژنەیەکى زانستى لەناوە و دەرەوەى زانکۆ، کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا توانرا (٥٠) توێژینەوە، ناسناوى توێژینەوە (نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢١-٢٠٢٢) بەدەست دەهێنن، کە دابەشى سەر شەش بوارى زانستى کراون، وتیشى ئەمە یەکەمین هەنگاوى گرنگى دەرچوانى زانکۆکەمانە تا لە داهاتودا گرنگى بەڕێچکەى کارکردنى خۆیان بدەن، بەتایبەت بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە داهاتودا. ئەوەشى ڕایگەیاند: لە زانکۆکەمان جگە لە خوێندنى مێتۆد لە قۆناغى سێیەمى بەشە زانستیەکان، لەهەمان کاتدا لە زانکۆکەمان فێرخوازان پرۆگرامى (Communication Skills)یش دەخوێنن
لە بەشێکى یکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە توێژینەوەى زانستى کرد و وتى: توێژینەوە واتا دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەک بۆ گرفتێک، لێرەدا مەبەستمان لە گرفت بەماناى خودى گرفت وەک چەمک نایات، بەڵکو وەک بابەتى توێژینەوەیە کە جارى وا هەیە ئەو گرفتە دۆزینەوەى لێ بەرهەم دێ، یاخود بۆ پەرەپێدانى بوارێک لە بوارەکانى ژیانە، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمانە کە ژمارەیەک لە ئامادەبوان کە ئێستا مامۆستان لە زانکۆ خوێندنى بەکالۆریۆسیان لە زانکۆى جیهان تەواو کردوە، بەشێوەیەکى گشتیش تا ئێستا زیاترى لە (٤٠٠) چوارسەج دەرچوى زانکۆکەمان خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا)یان تەواو کردوە، جگە لەوەى ژمارەیەکى زۆریش ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان.
لە کۆتایى قسەکانیشیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی ڕوو لە دەرچوان ڕایگەیاند: ئێوە بەرهەمى زانکۆى جیهان-هەولێر و، مامۆستایان و بنەماڵە و ماندوبونى خۆتانن، هیواشى خواست ئەمە هەنگاوى سەرەتایان بێت بۆ داهاتویەکى گەشتر، وتیشى ئێمە ئەمساڵ وەک ساڵانى ڕابردوو کۆمەڵێک لە دەرچوانمان دامەزراند، هاوکات لە گروپى کۆمپانیاکانى جیهان لەهەوڵى بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بۆ دەرچوانى دیکە، جگە لەوەش لەگەڵ کۆمپانیا و دامەزراوەکانیش بۆ هەمان مەبەست لە پەیوەندیداین.
دواتر کارنامەى کۆنفرانسەکە بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستە لە ڕێگەى (٦) پانێڵەوە ناونیشانى توێژینەوە نایابەکان و ناوى توێژەران و سەرپەرشتیارانى توێژینەوەکان ئاشکرا کران و دەقەکانیان لەلایەن دەرچووانەوە پێشکەشکران، کە لە کۆى (٣٥٠) توێژینەوەى دەرچوون لەسەر ئاستى (١٨) بەشى زانستی (٥٠) توێژینەوەى دەرچوون توانیویانە ناسناوى توێژینەوە نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) بەدەست بهێنن، دەرچوان لە پڕۆژەکانیان ڕێگەى چارەى گونجا و نوێیان بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە دۆزیوەتەوە، کە لە بوارە جیاکان ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ودامەزراوە جیاکانى هەرێم دەبنەوە، ئەوەش لە ئەنجامى پشت بەستن بە میتۆدە زانستیە هاوچەرخەکان و پیادەکردنى میکانیزمی نوێ بەدیان هێناوە.
ئەو کۆنفرانسە زانستیە هەموو ئەو بەشە زانستیانە لەخۆگرتبوو، کە لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) فێرخوازى دوا قۆناغى خوێندنیان هەبووە، کە ژمارەیان (١٨) بەشى زانستی بوو، کۆنفرانسەکە بووە وێستگەیەکى گرنگ لەژیانى فێرخوازن بۆ ناساندنیان و دەرخستنى تواناکانیان، کە ڕەنگدانەوەى گرنگ و گەورەى دەبێ لەسەر شاڕێى ژیان و کارکردنى داهاتوویان.
لە کۆتایى کۆنفرانسەکەشدا، خەڵات و دیارى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەر تیمى (٥٠) توێژینەوەى دەرچوون، کە توانیویانە ناسناوى توێژینەوە نایابەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) بەدەست بهێنن و مامۆستایانى سەرپەرشتیار دابەشکرا.