پێنجەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەکۆمەڵێک دەرئەنجامى گرنگ کۆتایی بەکارەکانى هێنا
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩-٣٠/١/٢٠٢٥)، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى وۆچ لە پۆڵند و زانکۆى موسڵ و، بەئامادبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، (پێنجەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان)ى بەڕێوەبرد و، بەخستنەڕووى کۆمەڵێک دەرئەنجام کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.
لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (٥٨) توێژینەوە لە ڕێگەى شەش پانێڵى جیاواز، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو پانێڵانە، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
لە دواى نێوەڕۆى ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١٥/٢٠٢٥)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا دکتۆر موفق احمد على ئەندامى لێژنەى ئامادەکارى کۆنفرانس لە میانەى خستنەڕووى هەشت خاڵ ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس خوێندرایەوە، ئەوانیش بریتیبون لە:
یەکەم: جەختکردنەوە لەسەر گرنگی سودوەرگرتن لە تواناکانی زیرەکی دەستکرد بۆ زیادکردنی کارایی و وردبینی چالاکییە کارگێڕی و دارایی و ژمێریارییەکان لە چارەسەرکردنى کێشەکان و پڕکردنەوەى بۆشایی و هەڵەیەکان، کە ڕەنگە هاوکار و ئاماژەیەکى گرنگ بێت بۆ دەستنیشانکردنى لاوازی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و، کەمکردنەوەی دەرفەتی نەرێنی بۆ گەندەڵی لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانیدا.
دووەم: گرنگی زیاتر بدرێ بە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە پەرەپێدان و زیادکردنی کاریگەری سەرکردایەتی چالاکی و، بەرزکردنەوەی کارایی سەرچاوە مرۆییەکان لە ڕێکخراو و دامەزراوە جیاوازەکاندا.
سێیەم: کارکردن لەسەر پەرەپێدان و توێژینەوەى بەردەوام و، جێبەجێکردنی دەستپێشخەری و ئەزموونە سەرکەوتووەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە بواری تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا، هەروەها هەوڵدان بۆ سوودوەرگرتن لێیان بەرەو ستراتیژییەکانی گەیشتن بە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابووری، کە یارمەتیدەرن لە بەکارهێنانی بەردەوامی سەرچاوە داراییەکان و پاراستنیان بۆ داهاتوو.
چوارەم: کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی بانکەکان لە بەدەستهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، زیادکردنی هۆشیاری کڕیاران و، زیادکردنی قەبارەی وەبەرهێنان لە داهێنان و پەرەپێدان، چونکە ئەوە ڕۆڵی سەرەکی لە بەدەستهێنانی متمانەی کڕیاران و بەرزکردنەوەی پابەندبوون بە ڕێساکان هەیە و، ڕێگەیەکیشە بەهۆى گەشەکردن لە ئاستی گشتى لە دارایی و ڕۆڵی بانکەکان بەدەست دێ.
پێنجەم: کارکردن لەسەر ئامادەکردنی مەرج و ڕێنماییە گونجاوەکان بۆ پیادەکردن و بەکارهێنانى زیرەکی دەستکرد لە بەڕێوەبردن و ئاشکراکردنی دراوی بیانی.
شەشەم: جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئیستغلالکردنی ئەزمونی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و خۆجێیکردنی مووچە (توطین الرواتب) و، زیادکردنی ڕێژەی داهاتى دارایی گشتى لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش لەڕێگەی سووەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد، هەروەها دەستنیشانکردنی سیستمە کۆنەکان بە ئامانجی یەکخستنی چارەسەرە دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنییەکان و، زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵنگاریانەى کە ڕووبەڕووی کەرتی دارایی و بانکی دەبنەوە، لەوانەش دەرفەتەکانی گەندەڵی، لە ڕێگەی ئەم کەرتانەوە.
حەوتەم: جەختکردنەوە لەسەر بەرزکردنەوەی هۆشیاری تایبەتی کارمەندان و کڕیاران سەبارەت بە بەکارهێنانی ستراتیژییەکانی بەرهەمهێنانی سەوز و، وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی بوارى پیشەسازی بە ئامانجی گەیشتن بە گەشەى بەردەوام و کەمکردنەوەی پاشماوەکان و، هاوسەنگکردنى ئامانجە ژینگەییەکان و ئامانجە ئابوورییەکان، لە پێناو بەدەستهێنانی ژینگەیەکی پاک و زیادکردنی هەلی کار.
هەشتەم: کارکردن لەسەر فراوانکردنی مەودای بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە دامەزراوە جیاوازەکان، وەک دامەزراوە یاساییەکان و بەکارهێنانی لە ژمێریاری دادیدا، هەروەها پەرەپێدان بە تواناى کارەمەندانى ئەم کەرتە بۆ بەکارهێنانى زیرەکی دەستکرد لە ناو چالاکییەکانی ئەو دامەزراوانەى کارى تێدا دەکەن.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوو نوخبەیەک لە توێژەران و ئەکادیمیستان و زانایان لێرە کۆبونەوە و بەشداربوون لە دەوڵەمەندکردنى ئەزمونى بوارى کارگێڕى و دارایی کرد، وتیشى من لێرەدا وردەکارى توێژینەوە و بوارەکانى کۆنفرانسەکە ناخەمەوە ڕوو، چونکە لە ماوەى دوو ڕۆژدا لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستا و توێژەرى ئاستبەرز لە زانکۆکانى جیهان و وڵاتانى عەرەبى و عێراق تاوتوێکران.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ بەشێکى گرنگى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ گرنگى لایەنى کارگێڕى لە بەڕێوەبردنى دامەزراوە جیاکان و بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: هیچ بوار و سێکتەرێک لە کۆمەڵگە و دەوڵەتەکان ناتوانن بەبێ بوونى لایەنى کارگێڕى و دارایی کارەکانیان ڕایی بکەن، ئینجا سرووشتی پسپۆڕی و کارەکە هەرچییەک بێت بۆ نموونە پڕۆژەیەکی ئەتۆمی بێت یان، پڕۆژەیەکی بازرگانی، یاخود پزیشکى و پیشەسازی و کشتوکاڵی..هتد بێت، وتیشى بۆیە ئەم کۆنفرانسە پەیوەندى بە هەموو سێکتەر و بوارەکانى کۆمەڵگەوە هەیە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئەوەشى ڕاگەیاند: لەم سەردەمەدا هیچ کەس و لایەنێک و دامەزراوەیەک نیە، کە نەکەوتبێتنە ژێر کاریگەرى هەژمونى تەکنەلۆژیا، هەر لە سەربازى بیگرە تا دەکاتە سیاسى و ئابورى، هەموو ئەمانە ڕوبەڕوى ئاڵنگارى گەورە بونەتەوە، بۆیە ئەگەر نەنتوانىن ئەو ئاستەنگانە تێبپەڕێنین، یان نەتوانین ڕوبەڕویان بینەوە، وتیشى هەربۆیە ئەم کۆنفرانسە تەنها لە بوارى کارگێڕى و بەڕێوەبردنی نایاب نەبوو، بەڵکو لە بوارى تەکنەلۆژیا گرنگى خۆى هەیە بە تایبەتی لە شیکردنەوەى بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، چونکە ئێستا مامەڵەکردن لەگەڵ زیرەکى دەستکرد بووەتە ئەرکی هەموو تاکێک، جا خاوەنی پڕۆژەیەکی کەسی بێت یان پڕۆژەیەکی گشتی، کەرتی تایبەت بێت، یان دەوڵەت بێت یاخود تێکەڵاو، بۆیە ئەوانەى ناتوانن لەگەڵ جیهان بەرەو پێشەوە بڕۆین، ئینجا چ لەسەر ئاستى دەوڵەت بێت یان دامەزراوە ئابوریی و داراییەکان، ئەوا دوا دەکەون.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا باسى لە گرنگى بوارى ئابورى کرد و وتى: هەموو وڵات و کۆمەڵگەیەک بە پێی پێوەرە ئابوریەکان بەڕێوەدەبرێت، دادپەروەریش لە لایەنی ئابوورییەوە، بۆیە لە هەر شوێنێکدا، هەرکاتێک توخمە داراییە دروستەکان بەردەست بوون، کاتێک بەڕێوەبردنی دروست هەبوو، ئەم بەڕێوەبردنە دەتوانێت بڕیاری ئیداریی دروست بدات، هەربۆیە گرنگی ئەم کۆنفرانسە لەم لایەنەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە جومگەکانی کۆنفرانسی پەیوەندی بە ژیانی هەموو تاکێک و هەموو کۆمپانیایەک و دامەزراوە و تەنانەت هەموو کۆمەڵگەیەک هەیە.
لە کۆتایی وتەکەشیدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینى تایبەت ئاراستەى هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لەماوەى ڕابردودا بۆ سەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا کاریان کردوە، لەوانە زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا ، زانکۆى موسڵ کە هاوبەش و هاوکارى کۆنفرانسەکە بوون، هاوکات سوپاسى لێژنەکانى (زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیاى زانیارى، پێشوازى و ڕێکخستنى هۆڵەکانى کۆنفرانس)، هەروەها سوپاسى توێژەران و مامۆستایانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کردوە.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، کورتە فیلمێک لەبارەى ڕووداوە و چالاکیەکانی چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان نمایشکرا.
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە نوێنەرى زانکۆى وۆچ و زانکۆى موسڵ کرد، هاوکات لەگەڵ دابەشکردنى بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر قسەکەرانى سەرەکى کۆنفرانسەکە و توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکە، کۆتایی بەکارەکانى کۆنفرانس هات، بەو جۆرە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا و زانکۆى موسڵ کۆتایی بەکارەکانى (پێنجەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان) هێنا، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.