پەیامى پیرۆزبایى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەبۆنەى جەژنى قوربان
بەبۆنەى جەژنى قوربانى پیرۆز پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پەیامێکى پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، ئەمەى خوارەوە دەقى پەیامەکەیە:
بەناوى خوداى گەورە و باڵادەست
ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى بەڕێز، مامۆستایانى خۆشەویست، فێرخوازانى ئازیز و فەرمانبەرانى ماندوونەناسى زانکۆى جیهان-هەولێر
بە بۆنەى هاتنەوەى جەژنى قوربانى پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایى و جوانترین سڵاو ئاراستەى گشت ئەندامانى خێزانە گەورەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە مایەى خێر و خۆشى و ئارامى بۆ هەموومان و بۆ گەلى کورد و عێراق بە گشتى، هەروەها جەژنێکى پڕ لە بەختەوەرى و لەشساغیتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.
جەژنى قوربان، سیمبولى قوربانیدان و برایەتى و نوێکردنەوەى پەیمانى پێکەوەژیان و هاوکارییە. لەم ڕۆژە پڕ لە شکۆ و پیرۆزەدا، بە پێویستى دەزانم ئاوڕێکى خێرا لە دەسکەوت و ئەزموونە پڕشنگدارەکانى زانکۆکەمان لە ماوەى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) بدەینەوە، کە بە هەوڵ و کۆششى بێوچانى ئێوەى بەڕێز، توانیمان پێکەوە هەنگاوى گەورە بنێین و ناو و پێگەى زانکۆکەمان لە ناوەندە ئەکادیمى و زانستیەکاندا زیاتر دیار و بەرەو پێشەوە بچێت. ئەم دەسکەوتانە، بەرهەمى کارى هاوبەش و ڕۆحى یەک تیمى و لێهاتوویى تاک بە تاکى ئێوەى ئەندامانى زانکۆکەمانە، لە ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایانى بەڕێز تا فێرخوازانى زرنگ و فەرمانبەرانى دڵسۆز.
جارێکى تر، جەژنى قوربان لە هەمووان پیرۆز بێت. هیوادارم هەموو ساتەکانى ئەم جەژنە پڕ بێت لە خۆشى و ئارامى و کامەرانى. لەشساغ و سەرفراز بن.
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر