چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى ئهندازیاری گەیاندن و زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى ئهندازیاری گەیاندن و زانستى کۆمپیوتەر دەستى بەکارەکانى کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٣٠/٣/٢٠٢٢) بەئامادەبونى دکتۆر ئەمیر عەبدولڕەحمان ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆى بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان چەند وتارێک پێشکەش کران.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتارێکدا بەخێرهێنانى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانانى کۆنفرانسەکەى کرد، پاشان باسى لە لایەنە گرنگەکان و چۆنیەتى ئامادەکردنى کۆنفرانسەکە کرد، هەروەک باسى لە ژمارەى ئەو توێژینەوانە کرد کە لەلایەن توێژەرانەوە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان پێشکەشى کۆمیتەى باڵاى کۆنفرانسیان کرد، لە خوارەوە دەقى وتارەکەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بخوێنەوە.
لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان، وێڕاى نرخاندنى بوارى تەکنەلۆژیا و زانیارى لەم سەردەم، ڕووى لە مامۆستایان و توێژەران کرد بایەخى زیاتر و وردتر بەتوێژینەوەى زانستى بدەن و، کاتى خۆیان بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە تەرخان بکەن، چونکە تەنها لە ڕێگەى تویژینەوەى زانستى دەتوانین پێشبڕکێى زانستى بکەین و لە پێشکەوتنەکان دانەبڕین و ئاگادارى ئەو گۆڕانکاریانەش بین کە لە جیهاندا ڕوودەدەن بەتایبەت لە بوارى تەکنەلۆژیا و گەیاندن.
پاشان دکتۆر ئەمیر عەبدولڕەحمان ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتارێکدا، کە بەناوی دکتۆر ئارام محمد قادر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەشی کرد، دوای دەستخۆشی لە زانکۆ جیهان-هەولێر بۆ ڕیکخستنى کۆنفرانسەکە وتى: زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بەنوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشدارى چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى ئهندازیاری گەیاندن و زانستى کۆمپیوتەر زانکۆکەتان دەکەم، جیگەى ڕێزە کە لە ماوەى ئەم هەفتەیەدا ئەمە دوەمین کۆنفرانسە بەشدار دەبم.
دکتۆر ئەمیر عبدولرحمان ڕایگەیاند: وشەى چوارەمین لە تایتڵى کۆنفرانسەکەتان ئاماژەیەکى ڕوونە بەهەستکردنى بەڕێزتان بەگرنگى بابەتى ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى دیجیتاڵ، چونکە سەردەمى ئێستا سەردەمى تەکنەلۆجیاى دیجیتاڵ و زانیاریەکانە، لە ئایندەیەکى نزیکدا ئێمە شاهیدى جیهانێکى خەیاڵى دەبین کە بەتەواوەتى ئاوێتەى جیهانى ڕاستەقینەى ئێمە دەبێت، ڕونیشکردەوە لە ئایندەیەکى نزیکدا هەریەکەمان هاوتایەکى دیجیتاڵى لە ژیانى ڕۆژانەمان دەبێتە هەبونێکى خەیاڵى لە خۆمان کە هەموو چالاکیەکى ڕۆژانەمان ئەندام دەدات و، لەو چواچێوەیەشدا ڕایگەیاند: بۆ ئەو گۆڕانکارە گرنگەى لە ڕێیە گرنگە زانکۆکانمان قوتابیان چەکدار بکەن بەزۆرترین کارامەیی دیجیتاڵى بۆ ئەوەى لە کاروانى پێشکەوتنى جیهانى لە دواوە نەمێنیینەوە، هەروەک گەشبینى خۆشى پیشاندا کە ئەم کۆنفرانسە و هاوشێوەکانى دەبنە مایەى هاندانى توێژەران، مامۆستایان، قوتابیان بۆ ئامادەبون بۆ ئەو جۆرە پێشهاتانە.
هەر لە وتارەکەیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کارنامەى وەزارەتەکەى کرد بۆ بایەخدان بەتوێژینەوەى زانستى و ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەستکردن بەگرنگى توێژینەوەى زانستى لە هەموو بوارەکاندا، بەپێکهێنانى لێژنەیەکى باڵاى توێژینەوە لە ئایندەیەکى نزیکدا پڕۆژەى پێدانى گرانت بۆ توێژینەوە ڕادەگەێنین، کە ئەوەش دەبێتە هاندان و پاڵپشتى بۆ بەرەوپێشبردنى توێژینەوەى زانستى لە کوردستان.
دوابەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان یەکەمین پانێڵى کۆنفرانسەکە پێشکەش کرا، پاشانیش ئامادەبوان پیشانگەیەکى تایبەت بەپڕۆژەى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە، واش بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، (٤٣) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند تەوەرێکى جیا پێشکەش دەکرێن، سەربارى ئەوەش سێ قسەکەری سەرەکى وەک ((Keynote Speaker کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن.
لە ڕێگەى بەستنى ئەم کۆنفرانسانە جارێکى دیگە زانکۆی جیهان-هەولێر دوپاتى ئەو ڕاستیەى کردەوە، کە یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان و، دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ لە پێشخستن و بوژانەوەى سەرخانى هەرێمى کوردستان بگێڕى، بەتایبەت لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەڵکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى سەردەم و بوارى تەکنەلۆژیا.
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ
“يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا قِيلَ لَكُمْ تَفَسَّحُوا فِي الْمَجَالِسِ فَافْسَحُوا يَفْسَحِ اللَّهُ لَكُمْ وَإِذَا قِيلَ انْشُزُوا فَانْشُزُوا يَرفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ”
بەڕێزان:
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
میوانان
توێژەران و مامۆستایان
ئامادەبوان
بەخێربێن بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەماوەى هەفتەیەکدا، چالاکیەکى دیکەى زانستى ئێمەى لێرە کۆکردۆتەوە، ئەم کۆنفرانسە لە چوارچێوەى ئەو زنجیرە کۆنفرانسەدا دێ، کە زانکۆکەمان بۆ برەودان بەلایەنى زانستى و تاوتوێکردنى دواین پێشهاتە زانستیەکان لە بوارە جیاکان ئەنجامى دەدات.
بەڕێزان، بەشداربوانى کۆنفرانس…
وەک دەزانن ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە تەکنەلۆجیا زۆر بەخێرایى گەشەدەکات، بەکارهێنانى کۆمپیوتەر و سیستمى ئەلیکترۆنى هەموو کایەکانى ژیانمانى تەنیوە، بەشێوەیەک بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا بۆتە مایەى کارئاسانى لەهەموو بوارەکانى ژیان و ئامرازى سەرەکى سیستمى بەڕێوەبردنى کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت. هەربۆیە بونیاتنانى ژێرخانى ئەلیکترۆنى و ڕێکخستنى داتا و زانیارییەکان بۆتە هەنگاوى بنەڕەتى سەرکەوتنى هەر دامەزراوەیەک و، لە ئەمڕۆدا ئەستەمە بتوانین بەبێ زانستى گەیاندن و تەکنەلۆجیا وێنای وڵاتێک بکەین کە لە سەردەمی مۆدێرندا بەپاکی گەشە بکات، لەو چوارچێوەیەدا و بۆ ئەوەى زانکۆکانى ئێمەش شانبەشانى زانکۆکانى جیهان ڕۆڵیان لە پێشکەوتنەکانى بوارى تەکنەلۆجیا هەبێ، بەخۆشحاڵیەوە بۆ جارى چوارەمە کۆنفرانسى نێودەوڵەتى ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر بەڕێوەدەبات.
گرنگی تری ئەم بۆنە زانستییە، پەیوەندى هەیە بە بەشداریکردنى ئەو توێژینەوە پتەوە زانستیە ئاست بەرز و هاوچەرخ و ڕەسەنانە، کە لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسدا دەخرێنەڕوو. توێژینەوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییە تەکنەلۆژی و زانستیانە دەکەن کە سێکتەرەکانی گەیاندن و کۆمپیوتەر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
برایان و خانمانى زانستخواز..
لە ماوەى ڕابردودا، (71) توێژینەوەی زانستى لە وڵاتانى (ئوسترالیا، بەریتانیا، مالیزیا، پۆڵندا، بەحرین، سعودیە، قوبرس، هند، نایجیریا، تورکیا، ئێران، سوریا و، یەمەن، عێراق و هەرێمى کوردستان) پێشکەش بەلێژنەی زانستی کۆنفرانس کرا، دواى هەڵسەنگاندنى زانستى لە ئاکامدا (43) توێژینەوەی (71) توێژەر بۆ کۆنفرانس پەسەندکران و وەرگیران، کە (17)یان توێژینەوەى نێودەوڵەتیە، لەهەماندا کاتدا (26) توێژینەوەیان لە زانکۆکانى کوردستان و عێراق پەسندکران، سەربارى ئەوەش پێنچ قسەکەری سەرەکى بۆ کۆنفرانس ((Keynote Speaker لە کەنەدا، مالیزیا، پۆڵندا و، ئێران بۆ کۆنفرانس پەسەندکران و، لە ڕێگەى چوار پانێڵ سەرجەم توێژینەوەکان دەخرێنەڕوو گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێ، هاوکات لە ڕێگەى وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتیەوە لە چوارچێوەى ئەم کۆنفرانسە توێژەرێکى مالیزى ئاشنامان دەکات بە(کاریگەرییەکانى ئەنجامدانى توێژینەوەى ئاستبەرز).
میوانانى خۆشەویست
زانکۆى جیهان-هەولێر، کە ئەمساڵ لە ڕیزبەندى سایتەیشن لە وێب ساینس (WoS)، توانى پلەى یەکەمی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێ و، لەسەر ئاستى زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانیش لە پلەى چوارەم بێ. وەک زانکۆیەکى پێشەنگ هەمیشە هانى مامۆستایان و توێژەرانى داوە تا پەرە بەئەنجامدانى توێژینەوەى ڕەسن و ئاستبەرز بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەى ڕابردودا چەندین جۆرە دەستپێشخەرى بۆ مامۆستایان و توێژەران ڕاگەیاندوە، بەڕێوەبردنى ئەو کۆنفرانسانەش بەشێکە لە ستراتیژى کارکردنمان بۆ بایەخدان بەتوێژینەوەى زانستى، چونکە ساڵانە ئەو توێژینەوانەى لە کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەخرێنەڕوو، دواتر لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرز و خاوەن فاکتەرە کاریگەرەکانى وەک (Thomson Routers, Scopus) و چەندینى دیکە تۆمار دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە.
لە کۆتایدا:
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، و، دووبارە سوپاس و پێزانینم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و کۆششە باشانەی لەسەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا گێڕاوتانە، داوای لە خوداى گەورە دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بێ بۆ چاکەی وڵات و بزووتنەوەی توێژینەوەی زانستیی هاوچەرخ و پڕچەککردنی بەتەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
سەرۆکى کۆنفراس