کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى لەبارەی کارکردن بە پرۆگرامی ئیکسۆکاد ڕێکخست
لە چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٥)، کۆلێژى پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان – هەولێر، چالاکیەکى هۆشیاریی لە هۆڵی ڤی ئای پی زانکۆ ڕێکخست.
لە میانەى چالاکییەکەدا، کە بە ئامادەبوونى مامۆستایان و فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان بەڕێوەچوو، دکتۆر غەسان ناسر، بەڕێوەبەری فرۆشتنی هەرێمی سۆفتوێری ئیکسۆکاد، بابەتێکى لەبارەی “پرۆگرامی ئیکسۆکاد و ڕۆڵی لە باشترکردنی زەردەخەنەکاندا” پێشکەش کرد، لە میانەى بابەتەکەیدا زانیارى گرنگ و نوێى لەبارەی نوێترین پێشکەوتنەکان لە بوارى پزیشکیی ددانى دیجیتاڵی و تەکنۆلۆژیای دیزاین بە یارمەتی کۆمپیوتەر/بەرهەمهێنان بە یارمەتی کۆمپیوتەر (CAD/CAM) پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، هاوکات ئامادەبووانى ئاشناى تەکنیکە داهێنەرەکان و کارکردنە دیجیتاڵییەکان کرد، کە شۆڕشێکیان لە بوارى پزیشکى ددانى هاوچەرخدا کردوە، ئەوەش بە بەکارهێنانى پرۆگرامى (ExoCad) بۆ دیزاینی زەردەخەنەی دیجیتاڵی و مۆدێلکردنی سێ ڕەهەندی تا بەرهەمهێنانی چاککردنەوەی زۆر ورد. هاوکات جەختی لە گرنگیی تێکەڵکردنی ئامێرە دیجیتاڵییەکان لە فێرکردن و ڕاهێنانى پزیشکی ددان و بەکارهێنانە کلینیکییەکاندا کردەوە، وتیشى ئەم تەکنیکانە وردبینیی دەستنیشانکردن و پلاندانانی چارەسەر بەهێزتر دەکەن و ئەنجامە گشتییەکانی نەخۆش باشتر دەکەن.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر نینۆس پۆڵس فیلیپ ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى ددان بروانامەى سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە دکتۆر غەسان ناسر، بەڕێوەبەری فرۆشتنی هەرێمی سۆفتوێری ئیکسۆکاد کرد، ئەوەش وەک ڕێزێک بۆ هەوڵەکانی لە بەهێزکردنی زانیاریی ئەکادیمی و کلینیکی لە بواری پزیشکی دداندا.







