فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی بەگەشتێکی زانستی کۆگایەکى دەرمان بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (٩/٥/٢٠٢٣) کۆلێژی دەرمانسازی زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم بۆ کۆگایەکى دەرمان لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر دکتۆر فارس ذنون و مامۆستای یاریدەدەر بدور محمد جیاد بەڕێوەچوو، فێرخوازان ئاشناى تەواوی جۆرەکانی دەرمان وەکو کەپسول و دەرزی و شروب و تابلێت و بەرهەمی جوانکاریەکان کران.
مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن (فەرهاد عثمان کریم) بەڕێوەبەری گشتی کۆگای دەرمانی لە هەولێر پێشوازیان لێکرا، دواتر ڕوونکردنەوەی تەواوى سەبارەت بە شێوازەکانى هەڵگرتنی دەرمان لە کۆگاکە و، چۆنیەتی ڕێکخستنی دەرمان لە کۆگاکە لەژێر سەرپەرشتی دەرمانسازان بۆ فێرخوازان باسکرد، وتیشى بەرهەمی (١٣) کۆمپانیای جیاوازی نێودەوڵەتی دەرمانی جیهانی لە کۆگاکەدا هەیە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا؛ ئاماژەى بە چۆنیەتی دابەشکردنی دەرمانەکان بەپێیی ناوی زانستی و کیمیایی دەرمانەکان و، شێواز و ڕێگەکانی هەڵگرتنی دەرمان و بڕی پێویست لە دەرمان بۆ هەر جۆرە دەرمانێک و ڕێکەوتى بەرواری دەرچوون و بەسەرچوونی دەرمانەکان بەوردى و بەشێوەیەکى مەیدانى بۆ فێرخوازان باسکرد.
گەشتە زانستیەکە بووە دەرفەتێکى گرنگ و بەسوود بۆ فێرخوازان بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوونیان بە شێوازی کارکردن و ڕێکخستنی دەرمان لە کۆگاکان و، چۆنیەتى پەیرەوکردنی ڕێنماییەکانی هەڵگرتنی دەرمانەکان بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی پاراستنی دەرمانەکان.
لە کۆتایدا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار بەناوى ڕاگرایەتى کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و کارمەندانى کۆکاگەکەیان کرد بۆ پێشوازیکردن و پێدانى زانیارى دروست.