کۆمپانیاى ئاساسێل بڕوانامەى ڕێزلێنان پێشکەش بە فێرخوازێکى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك دەکات
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٥/١٢/٢٠٢٤) لقى هەولێرى کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان لە هۆتێل ڕامادا لە شارى هەولێر مەراسیمێکى ڕێزلێنانى بۆ ئەو کەسانە ڕێکخست کە لە بوارى گەیاندن و پەیوەندییەکان هاوکار و هەماهەنگى کۆمپانیاکە بوون.
لەو چوارچێوەیەدا؛ ژمارەیەک لەو فێرخوازانەش بڕوانامەى ڕێزلێنانیان پێشکەشکرا، کە بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنانى هاوینەیان لە کۆمپانیاکە ئەنجامداوە، لە زانکۆى جیهان-هەولێر ( ڤینۆس مەمەند حاجى) فێرخوازى قۆناغى چوارەمى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك یەکێک بوو لەو فێرخوازانەى کە بەشێوەیەکى کارا خولى ڕاهێنانى هاوینەى لەو کۆمپانیایە تەواو کرد و، سەرکەوتوانە ڕۆژانە کارەکانى ڕایی دەکرد.
هەر بەو بۆنەیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ناصر حسین سەلمان سەرۆکى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا جەختی لە پێویستى هاوکاری نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانى بوارى تەکنەلۆژیا کردەوە، بەتایبەت سوود وەرگرتن لە تواناى دەرچوانى زانکۆکان بۆ پەرەپێدان بە بەرهەمەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش ستایشى کۆمپانیاى ئاسیاسێڵی کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکان، وتیشى ئەم چالاکییە شایەتحاڵی دیدگای هاوبەشی ئەکادیمی و کەرتى تایبەت لە پێشخستنی بوارى زانستى و تەکنەلۆژیادا.
لەو مەراسیمى ڕێزلێنانەدا، کە بەئامادەبونى ژمارەیەک لە لێپرسراوانى کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ و مامۆستایانى زانکۆ و فێرخوازان بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ناصر حسین سەلمان سەرۆکى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك بڕوانامەى ڕێزلێنان و سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە ڤینۆس مەمەند حاجى کرد و، پیرۆزبایی لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.