کۆنسڵگەرى چین لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد
ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ۲٥/۱۱/۲۰۲۱، کونسڵگەرى گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.
شاندەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتی مامۆستا ئامانج عەلی عوسمان سەرۆکی بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دیبلۆماسییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر محمود اسماعیل و ژمارەیەک خوێندکارانی بەشەکە پێکهاتبوو.
لە میانەى دیدارێکدا، لەگەڵ (نى روتشى) کونسڵى کۆمارى میللى چین لە هەولێر، دواى بەخێرهێنانى شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەگرنگییەوە ئاماژەی بە پێشخستن و هەماهەنگی زانستی و کلتوری نێوان وڵاتی چین و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
هەر لە میانەى قسەکانیدا (نى روتشى) باسی لە گرنگی دروستکردنى پەیوەندی لەنێوان زانکۆی جیهان _ هەولێر و کونسڵى چین کرد تا بتوانن پەرەى زیاتر بەئاڵوگۆڕکردنی پەیوەندى زانستی لە نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆکانى وڵاتەکەى بدەن، هەروەک ڕێکخستنی گەشتی زانستی بۆ فێرخوازان تەوەرێکى دیکەى قسەکانى کونسڵى پێکهێنا.
لە بەرامبەردا مامۆستا ئامانج عەلی عوسمان دواى ئەوەى بەناوی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاسی (نى روتشى) کونسڵى چینى کرد، هەوڵ و ماندوبونەکانیشى بەرزنرخاند بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتى و سێکتەرى خوێندنى باڵا بەتایبەت.