گروپێکى نوێى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن گەیشتنە زانکۆى وارشۆ لە پۆڵندا
چوار فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە پۆڵندا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە پۆڵندا.
لە بەردەوامى کارە هاوبەشەکان زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا و، بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی فێرخوازان؛ هاوکات لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) دووەمین گروپى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە ئەو زانکۆیە.
ئەم گروپە لە (٤) چوار فێرخواز پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە هەریەک لە لاڤین وەلید بیراومر لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و، هەریەک لە مینا حسین کەریم، ڤینێ خەلیل میرزا و، منی صاڵح سلیمان لە بەشى (بایۆمیدیکاڵ). ئەم گروپەش لەسەر بنەماى پێوەرە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەک و، زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە بەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێکەوتنامەیەکى نێوانیان دەستنیشان کراون.
ئەم گروپەى فێرخوازان هەفتەى ڕابردوو لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەرەو پۆڵندا بەڕێکران، بەر لە بەڕێکردنیان لە دانیشتنێکدا کە بە ئامادەبوونى کەسوکاریان بەڕێوەچوو، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگارى و ڕاسپاردەى زانستى و ئەکادیمى و کۆمەڵایەتى و کەلتور ئاراستەى فێرخوازان کرد. لە ئێستادا ئەم گروپە گەیشتونەتە ئەو وڵاتە و، واش بڕیارە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا بەپێى پسپۆڕییەکانیان دەست بە کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە بکەن.