گروپێک لە فێرخوازانى ئەندازیاری شارستانى لە درزى باڵەخانە و جۆرەکانیان دەکۆڵنەوە
بۆ بەداداچون و شیکردنەوەى جۆرەکانى درزبردنى باڵەخانە و جۆرەکانى، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، چالاکیەکى زانستیان بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٢) لە کەمپسى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، فێرخوازان کنە و پشکنینیان بۆ زۆربەى باڵەخانەکانى زانکۆ کرد و، لە جۆرى درزەکان و هۆکارەکانیان دەستنیشان کرد.
چالاکیەکە، پێکهاتبوو لە گەڕان بەدوای جۆرەکانى درز لە دیوى ناوەوە و دەرەوەی چەند باڵەخانەیەک، ئەوەش بە بەکارهێنانی ئامێرێکى تایبەت کە پێى دەوترێت (crack detection microscope)، بەو هۆیەوە فێرخوازان توانیان چەندین جۆرى درزى باڵەخانەکان بدۆزنەوە، لەوانە درزی ستوونی، درزى ئاسۆیی بەقەبارەى جیاواز، بەشێوەیەک درێژی هەندێ لە درزەکان لە نێوان 1-3 م و، بەشێکى دیکەشیان لە نێوان بۆ 1-2.5 مەترە.
لە هەنگاوى دوومى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان لە هۆکارى جۆرى درزەکان دەکۆڵنەوە، پاشان ڕێگەى زانستى جۆراوجۆر پێشنیاز دەکەن بۆ چارەسەرکردنیان، ئەم چالاکیەش بەیەکێک لە چالاکیە گرنگەکان دادەنرێ تا لە داهاتودا فێرخوازان لە ژینگەى کارکردن هەر لەسەرەتاوە بتوانن ڕێگە بگرن لە دروستبونى ئەو جۆرە کێشانە لە باڵەخانەکاندا.