گروپێک لە فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بەسەرکەوتویی خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو لە بوارى تەکنیکەکانی بەکارهێنانی ئامێری تیشکی ئێکس تەواو دەکەن
سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان – هەولێر لە هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی توانای پراکتیکی فێرخوازان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم توانیان خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو لە بواری تەکنیکەکانی بەکارهێنانی ئامێری تیشکی ئێکس تەواو بکەن.
لەو خولەدا، کە بە هاوکاری نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتی لەماوەی (10-10 2024) تا (10-11-2024) بەردەوام بوو، لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر نەوید عەبدولکەریم سەرپەرشتى دەکرا، لە ماوەى بەڕێوەچوونى خولەکەدا بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى بەتایبەت ڕاهێنان بە فێرخوازان کرا لەبارەى چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێری تیشکی ئێکس بە بەرزترین کارایی و لە چوارچێوەی ستانداردەکانی سەلامەتیدا، هەروەک فێرخوازان ئاشناى چۆنیەتى جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆڵ و ڕێکارە پراکتیکییەکانی پێویست بۆ دانان و کارپێکردنی ئامێرەکان، دڵنیابوون لە وێنەگرتنی ورد و پاراستنی سەلامەتی نەخۆش کران. هاوکات هەر لە خولەکەدا ڕاهێنانی پراکتیکی بە فێرخوازان کرا بەتایبەت لەبارەى تەکنیکەکانی کەمکردنەوەی تیشکدانەوە بۆ نەخۆش و، بەکارهێنانی نوێترین ڕێگەکان بۆ بەدەستهێنانی وێنەی تیشکی ڕوون و ورد.
لەکۆتایی خولەکەدا مەراسیمی دابەشکردنی بڕوانامە لە نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، کە تیایدا فێرخوازان بڕوانامەی بەشداریکردنیان پێشکەشکرا، ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوون و خۆبەخشیی و بەشدارى کارایان لە ماوەی بەڕێوەچونى ڕاهێنانەکەدا.