گونجاندنی یاسا بەدیاردەی کۆمەڵایەتیەکان لەسیمپۆزیۆمێکى زانستیدا
سەرۆکایەتى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٢) بەناونیشانى (گونجاندنى یاسا بەدیاردە کۆمەڵایەتیەکان) لە هۆڵى ئەکادیمیاى جیهان، سیمپۆزیۆمێکى بۆ فێرخوازانى قۆناخى پێنجەم بەڕێوەبرد.
لە میانەى بەڕێوەچوونى سیمپۆزیۆمەکەدا، ژمارەیەک لە فێرخوازان بابەتەکانیان پێشکەشکرد، کە کۆمەڵێک دیاردەى کۆمەڵایەتى لەخۆگرتبوو و، تاکەکانى کۆمەڵگە گیرۆدەى بوون و پەیوەندیان بەلایەنى یاسایی هەیە، بەشێوەیەک گونجاندنی یاسایی بەتەوەرى سەرەکى بابەتەکان بوو، چونکە گونجاندنى یاسایى بەوە پێناسەدەکرێ، کە بریتییە لە دیاریکردنی وەسفی یاسایی دروستی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان، یان بەستنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان بە بابەتێکى یاسایی دیاریکراوەوە.
دیاردە کۆمەڵایەتیەکانیش لە کۆمەڵگە دیاردەى جۆراوجۆرن وەک لە سمیپۆزیۆمەکەدا ئاماژەیان بۆ کرا، بریتین لە توندوتیژى خێزانى، ئاڵودەبوون بەماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگە و ڕێگەچارە یاساییەکان، لەهەمان کاتدا دیاردەى جیابونەوەى هاوسەران و کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگەى عێراقى یەکێکى دیکە بوو لە بابەتەکانى سیمپۆزیۆمەکە.
لە کۆتایى سیمپۆزیۆمەکەدا، جەخت لەکاراکردنى گونجاندنى یاسا کرا لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەى دیاردەکان بەتایبەت دیاردە نەرێنیەکان، بۆ ئەوەش دەرکردنى یاساى نوێ بەیەکێک لە خاڵە گرنگەکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.