یارییەکانى خولى بالەى نێوان بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستی پێکرد و، بەشی ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك یەکەم یارییان بردەوە
لە چوارچێوەی چالاکییە وەرزشییە ساڵانەکان و بۆ برەودان بە توانای جەستەیی و ڕۆحییەی ڕکابەری لە نێو ژینگەی ئەکادیمیدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٥، زانکۆی جیهان – هەولێر دەستپێکی خولی بالەی نێوان بەشە زانستییەکان بەچاودێرى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و بەسەرپەرشتى سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان دەستى پێکرد.
لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی خولەکەدا ، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٤/١١/٢٠٢٥ لە نێوان تیپى فێرخوازانى بەشی ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك لە یارییەکی تاکتیکیدا بە ئەنجامی (٣-١) گێم بەسەر تیپى فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
کەشی یاریگاکە شایەتحاڵی ململانێیەکی بەهێز بو،و کە تێیدا هەردوو تیپ بە ئاستێکی هونەری بەرز و ئامادەکارییەکی جەستەیی تۆکمەوە دەرکەوتن، ئەمەش وایکرد کە یارییەکە لە چوارچێوەی تەنها یارییەکی ئاسایی دەربچێت و ببێتە نموونەیەک بۆ ڕکابەریی دراماتیکی و وەرزشیی پاک.
لە ڕووی هونەری و تەکتیکییەوە، یاریزانانی بەشی ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك توانییان بەسەر یارییەکەدا زاڵ بن و بە بەکارهێنانی پلانی هێرشبەری و بەرگریی ڕێکخراو، باڵادەستی خۆیان بسەلمێنن. سەرەڕای بەرگرییەکی بەهێز لەلایەن یاریزانانى بەشی پەروەردەی گشتییەوە، بەڵام لێدانە بەهێزەکان و، دابەشکردنی دروستی تۆپ لەلایەن ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيكیەوە، کێشەی یارییەکەی بە لای ئەواندا یەکلا کردەوە.
لە کۆتایی یارییەکەدا، تیپى فێرخوازانى بەشی ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك توانی سەرکەوتنێکی گرنگ تۆمار بکات بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە یەک گێم (٣-١). بەم ئەم ئەنجامەش تیپى فێرخوازانى بەشی ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك توانیان سێ خاڵی یەکەمی خولەکە بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.






