ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە پێشبڕکێی ICT بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٢٠٢٢ دەکات
فێرخوازانى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە سمینارێکى ئەکادیمیای کۆمپانیاى نێودەوڵەتى هواوی کرد، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەڕێوەچوو.
لەو سمینارەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (6/10/2022) کە بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکانى کۆمپیوتەر و ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنەرى ئەکادیمیای کۆمپانیاى نێودەوڵەتى هواوی باسى لە پێشبڕکێی ICT کۆمپانیاکەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵى ٢٠٢٢ کرد، بۆ ئەوەش هیواى خواست فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریەکى کاراى ئەو پێشبڕکێیە بکەن.
نوێنەرى ئەکادیمیای کۆمپانیاى نێودەوڵەتى هواوی بەشێکى دیکەى سمینارەکەى تەرخانکرد بۆ چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەزموونی پراکتیکی لە بواری تۆڕ و تەکنەلۆژیاى زانیارى، پاشان ڕوو لە فێرخوازان باسى لە چۆنیەتی بەهێزکردنی سیڤیەکانیان لەڕێگەی بڕوانامەی نێودەوڵەتی و تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانەوە کرد، کە لەڕێگەیەوە فێرخوازان دەتوانن خەڵاتی بەنرخ بەدەستبهێنن و زانیارییە تەکنەلۆژییەکانیشیان بەهێز بکەن.
لە بەشى کۆتایى سمینارەکەدا، لەلایەن مامۆستایان و فێرخوازانى ئامادەبوو، لەگەڵ نوێنەرى ئەکادیمیای کۆمپانیاى نێودەوڵەتى هواوی گفتوگۆیان لەبارەى سروشتی تاقیکردنەوە و خولەکان و شێوازی بەشداریکردنیان کرد، کە لەلایەن کۆمپانیای هواوەی ئەنجامدەدرێن.